تورکیا سوپا لە سلۆپی و شرناخ کۆ دەکاتەوە

 تورکیا سوپا لە سلۆپی و شرناخ کۆ دەکاتەوە
تورکیا هێزێکی گەورەی سوپای وڵاتەکەی لە دوو ناوچەی سنووریی کوردستانی باکوور بڵاو دەکاتەوە.

کۆ کردنەوەی هێزێکی گەورەی سوپای تورکیا لە شاری شرناخ و شارۆچکەی سلۆپی لە سەر سنووری نێوان کوردستانی باکوور و رۆژئاوا هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

هاوکات سوپای تورکیا رایگەیاندووە، کە 1500 چەکداری میلیشیای حەشدی نیشتیمانی (پاسەوانی مووسڵ)، کە سوپای تورکیا لە شارۆچکەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا مەشقی پێکردوون، بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ دەکەن.

کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.













باسنيوز
Top