ئەمریکا و رووسیا لەسەر ئاگربەستی سەرتاسەری لە سووریا رێککەوتن

ئەمریکا و رووسیا لەسەر ئاگربەستی سەرتاسەری لە سووریا رێککەوتن
هەریەک لە ئەمریکا و رووسیا لەسەر پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕوپێکدادانەکان لە تەواوی سووریا رێککەوتن و بڕیارە دووسبەی دووشەممە كە رێکەوتی یەكەم رۆژی جەژنی قوربانە ئاگربەستی سەرتاسەری رابگەیەندرێ.


دوای کۆبوونەوەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و جۆن کیری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شاری جنێڤی سویسرا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان رێکخست.


سەرەتا کیری ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لەسەر قۆناخی ئاشتی و کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سووریا و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان و باسکردن لە قۆناغی راگوزەری سیاسی کۆبوونەتەوە لەگەڵ لاڤرۆڤدا.


کیری باسی لەوە کرد کە ئەمریکا و رووسیا رێککەوتوون لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا و بڕیارە لە تەواوی سووریادا و لە ١٢ی ئەم مانگەدا ئاگربەست لە تەواوی سووریا رابگەیەنرێت کە هاوکاتی جەژنی قوربانە و هیوای خواست ئەوەش ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ سووریا.


کیری داوای لە هەموو هێزەکانی ناو سووریا کرد کە شەڕ و پێکدادانەکان رابگرن و ئاشکرای کرد لەکاتی سەرگرتنی پلانەکەدا لە ٧ رۆژدا، هەریەک لە ئەمریکا و رووسیا هەماهەنگی سەربازی دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی نوسرە و داعش.


لای خۆیەوە لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەدا کە هەردوولا پسپۆری سەربازی و سیاسی و رەوانەی سووریا دەکەن بۆ دیاریکردنی شوێنی تیرۆریستان و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەو و گوتی "هێزی ئاسمانی رووسیا و ئەمریکا پێکەوە لە دژی تیرۆریستان هێرشی ئاسمانی رێک دەخەن، رێککەوتووین لەسەر لێدانی ئەو شوێنانەی تیرۆریستانی لێن کە ئەمەش بە هەماهەنگی بەڕێوەدەچێت".


ئەو ناوچانەی هێرشی ئاسمانیان دەکرێتە سەر بە ئاگاداری رژێمی سووریا دەکرێت و بەدەر لەو شوێنانەی بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا هێرشی ئاسمانیان دەکەینە سەر، رژێمی سووریا ئەرکەکانی خۆی لەدەرەوەی ئەو ناوچانە بەجێ دەگەیەنن.


لاڤرۆڤ رایگەیاند کە بەشێکی گرنگی تری رێککەوتنەکەیان پەیوەست بووە بە گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بەتایبەت لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای حەلەب، ئەویش لەڕێگەی نەتەوەیەکگرتووەکان و خاچی سوور کە بە هەماهەنگی کاری تێدا دەکەن.


لاڤرۆڤ جەختی کردەوە لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە نەک تەنیا نووسینەوەی.





باسنيوز
Top