پۆلیسی ئینتەرپوڵ بۆ دەستگیركردنی بكوژی بارزان رەشید ئاگادار كراوەتەوە

پۆلیسی ئینتەرپوڵ بۆ دەستگیركردنی بكوژی بارزان رەشید ئاگادار كراوەتەوە
دوای چوار مانگ لە كوژرانی گەنجێكی شاری هەولێر لەسەر فول لایت، تاوەكو ئێستا بكوژەكەی دەستگیرنەكراوە و پۆلیس دەڵێت "چووەتە دەرەوەی وڵات و پۆلیسی ئینتەرپوڵ-یان لە دۆسییەكە ئاگاداركردووەتەوە".

پەیامنێری رووداو چووەتە ئەو شوێنەی کە چوار مانگ پێش ئێستا بارزان رەشید، تەمەن 23 ساڵ لەسەر فول لایتی ئۆتۆمبێل لێ‌ کوژرا.

بەهۆی دەستگیرنەکردنی بکوژەکەی هێشتا دۆسیەکە بەکراوەیی ماوەتەوە. خانەوادەکەی تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانی دەستگیرکردنی بکوژی کوڕەکەیانن و چاوەڕێی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشن، کە هەرچی زووە کێشەکەیان بۆ یەکلایی بکاتەوە.

زیاد رەشید، برای بارزان بۆ رووداو دەڵێت "چوار مانگە برای من كوژراوە، بەڵام هەندێك كەس ئەمدەست و ئەودەستی پێدەكەن لێرەو و لەوێ‌، تاوەكو جێیان بۆ تەئمین كرد، مەعقول نییە بتوانن لە موسڵ و حەویجە تاوانبار بگرن، بەڵام تاوانبارێك لەنێو هەولێر نەگیرێت".

ئێستا بۆ دەستگیرکردنی بکوژی بارزان پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ لەسەر هێڵە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێریش تەواوی زانیاری کەسی بکوژی کردووتە دۆسیە و رادەستی ئینتەرپوڵی کردووە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردووە و چەندین جار ئۆپەراسیۆن ئەنجامدراوە، بەڵام دەستگیرنەكراوە، ئەو چووەتە دەرەوەی وڵات و ئێستا پۆلیسی ئینتەرپوڵ ئاگادار كراوەتەوە بۆ ئەوەی بدۆزرێتەوە".

پۆلیسی ئینتەرپوڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هەرێمی کوردستان بەدوای بکوژی بارزان رەشید دا دەگەڕێت، بکوژەکە وەک کەسوکارەکەی دەڵێن ئەو کەسەیە، کە شەوی 2ی ئایاری ئەمساڵ لە هەولێر لەسەر لێدانی فول لایت بارزان-ی کوشت.

رووداو -
Top