رێکخراوی هاورکاریی ئیسلامی: ئێران پاڵپشتی تیرۆریزمە

 رێکخراوی هاورکاریی ئیسلامی: ئێران پاڵپشتی تیرۆریزمە
رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کە سێزدەیەمین کۆڕی گشتیی خۆی لە ئیستەنبوول ساز کرد، لە بەیاننامەی کۆتاییدا ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە درێژە بە پشتیوانیی تیرۆریزم دەدات.



ئاژانسە جیهانییەکان بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ئاشکرایان کردووە، حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران کە لەگەڵ شاندێک بەشداریی دانیشتینی وڵاتانی هاوکاریی ئیسلامی بووە، بە نیشانەی ناڕەازیی بە بەیاننامەی کۆتایی دوێنێ هەینی دانیشتنی کۆتایی بایکۆت کردووە.



ئاژانسی رۆیتەرز لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە سەرۆکایەتیی ئەم دانیشتنەی دەکرد، دەبوا بەیاننامەی کۆتایی بخوێنێتەوە، لە خوێندنەوەی خۆی برواردووە.



بەپێی هەمان سەرچاوە، لە بەیاننامەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیدا هاتووە: "ئەم کۆنفرانسە دەستێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و وڵاتانی ئەندام بەتایبەت "بەحرێن، یەمەن، سووریا و سۆماڵ و درێژەدان بە هاوکاری و پاڵپشتیی تیرۆریزم بە توندی ئیدانە دەکات."



لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە "دەبێ پەیوەندی لەسەر بنەمای هاوکاری" لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی بریتی بێت لە خۆبواردن لە هەڕەشە، یان زۆرەملێ."



هەم تورکیا و هەم سعوودیە و بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە رێبەریی ئەمەریکا، دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە سووریا، هەروەها حکوومەتی بەشار ئەسەدن کە لەلایەن رووسیا و ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێت.

سێزدەیەمین کۆنفرانسی رێکخراوی وڵاتانی هاوکاریی ئیسلامی کەلە ئیستەنبوول بەڕێوە چوو، لەلایەن تورکیاوە سەرۆکایەتیی دەکرا، هاوکات سەرۆکی ئەم رێکخراوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە میسر وەرگرت.









باسنيوز
Top