وەزیری بەرگریی ئێران سەردانی رووسیا دەکات

 وەزیری بەرگریی ئێران سەردانی رووسیا دەکات
بەپێی راپۆرتی ئاژانسەکانی رووسیا، لە رۆژانی داهاتوودا وەزیری بەرگریی ئێران بەمەبەستی بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاسایش سەردانی مسکۆ دەکات.



هەواڵدەریی ئینترفاکسی رووسی بڵاوی کردووەتەوە، "عوسێن دێهقان" وەزیری بەرگریی ئێران رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە سەردانی رووسیا دەکات و لەم سەردانەدا لەگەل "سێرگێئی شویگۆ" وەزیری بەرگریی رووسیا کۆ دەبێتەوە و جیا لە پرسی رادەستکردنی مووشەکی S300 هاوکات لەبارەی کڕینی چەکوچۆڵی دیکەی وەک فڕۆکە و تانک پێکەوە گفوگۆ دەکەن.



وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر بە ئاژانسەکانی ئەو وڵاتەی راگەیاندبوو کە ئێران بەمزوانە گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی "سووخۆ 30" لەگەڵ روسیا واژۆ دەکات.



جیا لە گرێبەستی سەربازی، بڕیارە کۆنفرانسێکی گەورەی نیودەوڵەتی لە رووسیا ببەسترێ و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش تیدا بەشدارە.



ئێران و رووسیا وەک دوو هاوپەیمان لە ساڵی 2007ەوە رێککەوتن و گرێبەستێکی سەربازییان بە بڕی 800 ملیۆن دۆلار واژۆ کردووە تێیدا رووسیا نوێترین چەکوچۆلێ خۆی رادەستی ئێران دەکات کە گرنگترینیان مووشەکی S300ە کە حەفتەی رابردوو یەکەم وەجبەی گەیشتە ئێران.



رووسیا هەتا ئێستا 500 فڕۆکەی جەنگیی سووخۆ30ی دروست کردووە کە نرخی هەرکامەیان 33 هەتا 45 ملیۆن دۆلار راگەیاندووە. فڕۆکەی جەنگیی سووخۆ لە ساڵی 1996 بە فەرمی وەک کەرەسەیەکی شەڕ بەرهەم هاتووە.








باسنیوز
Top