مێرکڵ: دۆخی ئەوروپا پێویستی بە دوو چارەسەرە

 مێرکڵ: دۆخی ئەوروپا پێویستی بە دوو چارەسەرە
یەکێتی ئەوروپا بۆ چارەسەکردنی قەیرانی کۆچبەران لەگەڵ تورکیا رێککەوتنێکی واژۆکرد و هاوکات بە ملیار دۆلاری بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە خەرجکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتواندراوە قەیرانەکە چارەسەربکرێت. راوێژکاری ئەڵمانیاش رایدەگەیێنێت"دۆخی ئێستای ئەوروپا پێویستی بە دوو چارەسەرە".

ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی پێنجشەممە 7-4-2016 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا لە شاری مێتز لە فەرەنسا رایگەیاند: "بەبۆچوونی من ساڵی رابردوو بەهۆی ئەو راستییەی کە نەمانتوانی سنوورەکانی دەرەوەمان بپارێزین دووچاری سەختی زۆربووینەوە و خۆمان لە نێو دۆخێکی سەختدا بینییەوە کە ئەویش هاتنی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بوو".

راوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها راشیگەیاند: "ئێستا باشترین وەڵام بۆ ئەم دۆخە جێبەجێکردنی دووچارەسەرە، کە یەکێکیان وەرگرتنی کۆچبەرانەو ئەوەی دیکەش پارێزگاریکردنە لە سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا".

بەبڕوای ئەنگێلا مێرکڵ، گرینگترین شتیش ئەوەیە کە ئەو چارەسەرەی کە بۆ قەیرانی کۆچبەران دەدۆزرێتەوە پێویستە چارەسەرێکی درێژخایەن بێت و هاوکات خەڵکی ئەوروپا متمانەیان بەو چارەسەرییە هەبێت.







رووداو -
Top