میانمار سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت

میانمار سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرێت
لەمیانی دەستپێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی میانمار، پارتی یەکێتی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی دوو کاندیدی دەستنیشانکرد بۆ بوون بە سەرۆکی ئەو وڵاتە.

پارتی یەکێتی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی کە ئۆنگ سان سو کی ڕابەڕی دەکات، هەریەکە لە تین کیاو و هێنری ڤان تی یوی بۆ پۆستی سەرۆکی میانمار دەستنیشان کرد.

هەردوو کاندیدەکە تەمەنیان ٧٠ ساڵە و دەرچوی زانکۆی ئۆکسفۆردن، یەکێکیان دەبێتە سەرۆک و ئەوی تریشیان دەبێتە یەکێک لە جێگری سەرۆکی میانمار، هەروەها کاندیدێکی تریش کە هێشتا دەستنیشان نەکراوە، بە پاڵپشتی سوپای ئەو وڵاتە دەبێتە جێگری دووەمی سەرۆک.

بڕیارە ١ی مانگی نیسانی داهاتوو حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و ئەوەش دەبێت یەکەم حکومەت کە بە ئازادی هەڵبژێردراوە دوای ٥٠ ساڵ حوکمی سەربازی ئەو وڵاتە.

سو کی ڕابەری پارتی یەکێتی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی ڕایگەیاند کە ئەو نابێتە سەرۆکی میانماڕ، بەڵام دەبێتە ناوەندی دەسەڵات و بڕیاردان لەسەرو سەرۆکیشەوە.

کیاو تیها یەکێک لە یاسادانەرەکانی پارتەکە ڕایگەیاند، سەرۆکی نوێی وڵات فەرمان لە سو کییەوە وەردەگرێت.

هەروەها وتیشی "گرنگ نییە کە سو کی ناتوانێت ببێتە سەرۆک، چونکە کۆنترۆڵی هەموو شتێکی لەژێرد دەستدایە."

پارتی یەکێتی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی لە ساڵی ١٩٨٨دا دامەزراوە، یەکێکە لە گرنگترین پارتەکانی میانمار کە پشتگیری دیموکراسی دەکات، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٩٠دا توانی زۆرینە بەدەستبهێنێت، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ڕەتکرایەوە.

دوای ٢٥ ساڵ و لە ٢٠١٥دا، پارتی یەکێتی نەتەوەیی بۆ دیموکراسی کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن بوو، توانی لە هەڵبژاردنی گشتیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و کۆتایی بە حوکمی سەربازی وڵات بهێنێت، هاوکات سو کی کە ماوەی ١٥ ساڵ دەستبەسەر بووە و براوەی خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی سەرۆکی پارتەکەیە.


سەرچاوەكان
Top