فەرماندەیەکی ئەمریکا: پێشنیازم کردووە هێزی زیاتر بنێرن بۆ گرتنەوەی مووسڵ

فەرماندەیەکی ئەمریکا: پێشنیازم کردووە هێزی زیاتر بنێرن بۆ گرتنەوەی مووسڵ
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا، جنراڵ لوید ئۆستن رایگەیاند کە چەند پێشنیازێکی خستووەتەڕوو و یەکێک لەو پێشنیازانە زیادکردنی تواناکانە لە پێناو گرتنەوەی شاری رەققە و شاری مووسڵ کە دوو پێگەی سەرەکیی داعشن لە سووریا و عێراق.

جنراڵ لوید ئۆستن لە پێش لیژنەی کاروباری سەربازیی لە کۆنگرێسی ئەمریکا، راشیگەیاند: "بوونی هێزی زیاتر لەسەر زەوی ئاستی تواناکانی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی لەسەر زەوی زیاتر دەکات و زیاتر دەتوانن هاوکاریی و راوێژ پێشکەش بکەن".

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رەتی کردەوە زانیاری زیاتر لەبارەی ژمارەی هێزەکان ئاشکرا بکات و گوتیشی: "ئێستا پێشنیازەکانم دایە سەرۆکەکانم و چاوەڕوانی وەڵامیانم".

ئەمە لە کاتێکدایە هێزێکی ئەمریکا کە لە چەند هەزار سەرباز و راوێژکاری سەربازیی پێکهاتووە لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی عێراق جێگیرکراون بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

هاوکات بەپێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هێزێکی تایبەتی ئەمریکا کە لە نزیکەی 50 سەرباز پێکهاتووە لە رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون بۆ هاوکاریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی لیبراڵیی سووریا لە دژی گرووپە جیهادییەکان لە سووریا، بە تایبەت داعش و بەرەی نووسرە.










K24
Top