باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەهۆی بەنداوی مووسڵەوە هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی

باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەهۆی بەنداوی مووسڵەوە هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق، بەهۆی مەترسییەکانی بەنداوی مووسڵەوە.



هەرچەندە دەسەڵاتدارانی عێراق لە ئاستی مەترسییەکانی رووخانی بەنداوی مووسڵ کەم دەکەنەوە، بەڵام باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایدەگەیەنێت، کە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی عێراقییەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەیە.



باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە دانیشتووانی شاترەکان مووسڵ و تکریت لە ئەگەری رووخانی بەنداوی مووسڵ، دەبێ ماوەی شەش کیلۆمەتر لە شارەکانیان دوور بکەونەوە، بۆ دەربازبوونیان لە لافاوی بەنداوەکە.



بەپێی زانیارییەکان، ئەگەر بەنداوی مووسڵ بڕووخێت، ئەوا شار و ناوچە کەنارییەکانی رووباری دیجلە ژێر ئاو دەکەون و شارۆچکەی سامەڕا و بەشێکی بەغدای پایتەختی عێراق لە ماوەی 24 تاوەکو 72 سەعات دەکەونە ژێر ئاو.



باڵیۆزخانەکە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق ئاگادار کردووەتەوە، کە لە کاتی رووخانی بەنداوی مووسڵ، بە زووترین کات عێراق بەجێبهێڵن و لە ئێستاوەش خۆیان بۆ رووداوەکە ئامادە بکەن، کە بە ”کارەساتێکی ترسناکی بێ وێنە”ی وەسف کردووە.



حکوومەتی عێراق تاوەکو ئێستا مەترسییەکانی بە هەند وەرنەگرتووە و ئەمریکاش چەند جارێک هۆشداریی داوە لەوەی، لە لە ئەگەری رووخانی بەنداوەکە، وێڕای گیان لەدەستدانی ملیۆنێک و نیو هاووڵاتی، دەبێتە هۆی ژێر ئاوکەوتنی شاری مووسڵ بە بەرزیی 21 مەتر بۆ چەند سەعاتێک.



پێشتر “حەیدەر عەبادی”، سەۆک وەزیرانی عێراق ئەگەری رووخانی بەنداوەکەی رەتکردووەتەوە.



بەنداوی مووسڵ، لە ساڵی 1983 لە باکووری شاری مووسڵ دروستکراوە و یەکەم گەورەترین بەنداوی عێراقە و چوارەم گەورەترین بەنداوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.



دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 و هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، بەنداوەکەش لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکرا، بەڵام دواتر هێزی پێشمەرگەی کوردستان رزگاری کردەوە و ئێستا لەژێر کۆنتڕۆلی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.



وەزارەتی ئاو و سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی رایگەیاندبوو، کە گریمانەی رووخانی بەنداوەکە یەکە لە هەزار، هاوکات داوای دروستکردنی دیوارێکی پاڵپشتی بەهێزی بۆ بەنداوکە کرد.




باسنيوز
Top