ئاگربه‌ستەکەی سوریا کەوتە بواری جێبه‌جێكردنەوە
ئه‌م پرۆژه بڕیاره به رێككه‌وتنی نێوان روسیا و ئه‌مریكا پێشكه‌ش به ئه‌نجونه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرا و تێیدا بڕیاری ئاگربه‌ست، له‌نێوان حكومه‌تی سوریا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و ده‌ستپێكردنی دانوستانه‌كانی ئاشتی، به نێوانگیری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووەكان درا.
ستیفان دی مستورا نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووكان له سوریا، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگه‌یاند: "له 7ی مارسی 2016ەوە، وتووێژی ئاشتی له‌نێوان لایه‌نه‌كانی ناكۆكدا ده‌ستپێده‌كات.
به‌پێی ئاژانسی رۆیته‌رز، دوای بڕیاری راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له سوریا كه له 26-27 /2/2016 كاتژمێر 00:00 شه‌و به‌پێی كاتی دیمه‌شق ده‌ستیپێكرد، ئه‌مڕۆ له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سوریا ئه‌و بڕیاره جێبه‌جێكرا.
تیمه‌كانی چاودێریکردن لە نه‌ته‌وه یەكگرتووەکان ئەوەیان پشتڕاستكردەوه، له رۆژئاوای سوریا هیچ حاڵه‌تێكی ته‌قه‌كردن رووینه‌داوه، دوای راگه‌یاندنی بڕیاری ئاگربه‌سته‌كه له دیمه‌شق و ده‌رعا هه‌ندێك حاڵه‌تی ته‌قه‌كردن له چه‌ند خوله‌كی سه‌ره‌تای ئاگربه‌سته‌كه‌دا روویداوه، به‌ڵام له ماوەیەکی زۆر کەمدا راگیراوه.
رامی عه‌بدولڕەحمان به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ به رۆیته‌رزی راگه‌یاندووه كه دوای پێنج ساڵ له شه‌ڕ یه‌كه‌مجاره پارێزگای لازقیه و دیمه‌شق و ده‌وروبه‌ی هێمن و ئارامی تێدایە و ده‌نگی ته‌قه‌كردن و فڕۆكه جه‌نگیه‌كان نابیسترێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی سوری بو مافەکانی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه ده‌نگی ته‌قه‌كردن له شاری حه‌له‌ب و له ناوچه‌كانی باكووری سوریا بیستراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ره‌كانی نەزانراوه.
به‌پێی هه‌واڵی ئاژانسی هاوار نیوز دوای راگرتنی شه‌ڕ له سوریا شه‌وی رابردوو له كاتژمێر 01.15 چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردووەتە سه‌ر شارۆچكه‌ی گرێ سپی له رۆژئاوای كوردستان، هەربۆیە له‌نێوان هێزه‌كانی ئاسایش و تیرۆریستانی داعشدا شه‌ڕ روویداوه.
فه‌رمانده‌ی گشتی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان به بڕیارێك رایگه‌یاندووه كه هاتوچۆی نێوان ناوچه‌ی سه‌رێ كانی و گرێ سپی قەدەغەکراوە.
له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌ر یه‌ك له روسیا و میسر جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌شداربوونی كورد و په‌یه‌ده و یه‌په‌گه له چاره‌سه‌ری سیاسی له سوریا کردەوە.
ئه‌مریكاش دووباره ته‌ئكیدی له‌وه كردووەتەوە كه نابێت له داهاتووی سوریادا جێگای به‌شار بکرێتەوە.
به‌پێی رێككه‌وتنی روسیا و ئه‌مریكا ده‌بێت حكومه‌تیكی نوێ و دەستوور و په‌رله‌مانێكی نوێ تا ماوه‌ی 18 مانگ له سوریا دروستبكرێت.
خه‌ندان