دەستفرۆشێک لە تاران خۆی سووتاند

دەستفرۆشێک لە تاران خۆی سووتاند
دەستفرۆشێک لە شاری تاران، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ھێزەکانی پۆلیسی ئەو شارە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

سەرچاوەکانی ھەواڵی ئێران دەڵێن؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی فێڤرییە، دوای ئەوەی چەند پۆلیسێکی شاری تاران ویستوویانە کەلوپەلی دەستفرۆشێک کۆبکەنەوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، لە سەر شەقامەکە بەنزینی بە خۆیدا کردووە و ئاگری لە جەستەی بەرداوە، بەڵام دواتر لە ئاکامی بەھاناوەچوونی چەند کەسێکەوە ئاگرەکەی کوژێنراوەتەوە.
ماڵپەڕی "عێر ایران" دەڵێ؛ ئەو کەسە لەچکەفرۆشێک بووە بە ناوی "ئەمیر" و دوای ئەوەی ئاگری جەستەی لە لایەن خەڵکەوە کوژێندراوەتەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی موتەھەری کراوە.
مانگی مارسی ساڵی رابردووش دەستفرۆشێکی ٣٤ ساڵەی خەڵکی خوڕەمشاری ئێران بە ناوی "یۆنس عەساکەرە"، دوای ئەوەی کەلوپەلەکانی لە لایەن پۆلیسی "سد معبر"ەوە کۆکرابوویەوە، لە بەردەم شارەوانیی ئەو شارە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و گیانی لەدەستدابوو.
Top