کۆشکی سپی: ئاگربەست هێرشەکانمان دژی داعش راناگرێت

 کۆشکی سپی: ئاگربەست هێرشەکانمان دژی داعش راناگرێت
کۆشکی سپی رایگەیاند رێککەوتنی ئاگربەست لە سووریا، کە بڕیارە شەوی هەینی 26-2-2016 دەستپێبکات، رێگر نابێت لە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی داعش.

لەو بارەیەوە جۆش ئیڕنێست، گوتەبێژی کۆشکی سپی، گوتی: "لەم قۆناغەدا، من ئامادەنیم ئەگەری هیچ هەڵبژاردەیەکی سەربازیی تاوتوێ بکەم، لەکاتێکدا هیواخوازین هەوڵە دێپلۆماسییەکان سەربکەون"، ئاماژەی بەوەشکرد کە، رێککەوتنی ئاگربەست ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دژی داعش راناگرێت.

هەروەها باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا دوای چاوپێکەتنی لەگەڵ مەلیک عەبدوڵڵا شای ئوردن لە رۆژی چوارشەممە 24-2-2016 لە کۆشکی سپی، دەربارەی رێککەوتنی ئاگربەستی سووریا رایگەیاند "ئێمە زۆر وریاین لەسەر بەرزکردنەوەی پێشبینییەکان".

ئۆباما باسی لەوەش کرد ئەگەر هەر پێشکەوتنێک لە سووریا بەدیکرا، ئەوە بەرەو ئاڕاستەی پرۆسەیەکی سیاسییان دەبات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی سووریا، گوتیشی: "بارودۆخەکە ئاڵۆزە و پێشکەوتنێکی کەممان لە هەفتەی رابردوودا بینی لەسەر گەیشتنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو خەڵکانەی لەژێر هەڕەشەدان".

رێککەوتنی ئاگربەست لە سووریا دوای سێ هەفتەهات لە شکستی کۆبوونەوەی جنێڤ لەسەر دۆخی سووریا لە نێوان حکومەتی ئەو وڵاتە و ئۆپۆزسیۆن. بڕیارە ئاگربەستەکە لە شەوی هەینی 26-2-2016-ەوە جێبەجێ بکرێت کە بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: "پابەند دەبم بە ئاگربەستەکەوە".

لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکە لەزیادبووندایە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری، رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند کە واشنتن پلانێکی دیکەی هەیە، ئەگەر مۆسکۆ و دیمەشق جددی نەبن لە دانوستان بۆ چارەسەری سیاسی قەیرانی سووریا.


رووداو
Top