دەستەی باڵای دانوستانەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پابەندبونی بە ئاگربەستەوە ڕاگەیاند
لە بەیاننامەیەکدا دەستەى باڵاى دانوستانەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا سەرەڕاى ئەوەى پێشوازى لە پلانەکەى ئەمەریکا و ڕوسیا کردووە، ڕەخنەکانیشى لە لیستێکدا کۆکردووەتەوەو داوا دەکات بەر لە دەستپێکردنى ئاگربەست ئەو کێشانە چارەسەربکرێن.
یەکێک لەو ڕەخنانەى دەستەى باڵاى دانوستانەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا لە ڕێککەوتنەکەى ئەمەریکا و ڕوسیاى گرتووە ئەوەیە کە ڕۆڵى ڕوسیا و ئێرانى لە ململانێکى سویادا لەبەرچاو نەگرتووە.
جگە لەوەش پلانى ئاگربەستەکە ماف دەداتە مۆسکۆ و دیمەشق ئەو گروپە چەکدارییانە بکەنە ئامانج و خۆیان چۆنیان دەوێت شیکردنەوە بۆ ڕیزبەندى گروپە تیرۆریستییەکان بکەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە، ئەوەش وادەکات کە ئەو دوو وڵاتە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنییەکانى دیکەش بکەنە ئامانجى هێرشەکانیان.
لەم هەفتەیەدا ئەمەریکا و ڕوسیا پلانێکیان بۆ وەستاندنى شەڕ ڕاگەیاند و تا کاتژمێر دەى شەوی هەینی ٢٦ی شوبات-یان بۆ لایەنە بەشەڕهاتووەکانى سوریا دانا تا هەڵوێستى خۆیان لەبارەى ئاگربەستەکەوە ڕوونبکەنەوە کە لە ڕۆژى شەممەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.