ئەردۆ‌گان: کورد لە هەر کوێیەکی جیهان بن بە برای خۆمان دەزانین

 ئەردۆ‌گان: کورد لە هەر کوێیەکی جیهان بن بە برای خۆمان دەزانین
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند "رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەلێدانی چاڵ و داخستنی رێگا و بۆمبڕێژکردنی ناوچەکە زیانێکی زۆریان بە برا کوردەکانمان گەیاندووە".



ئەردۆگان لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ موختارەکان کۆبووەوە و گوتی کوردەکان لە دێرزەمانەوە شان بەشانەی نەتەوەکانی دیکە بە خوێن و گیانیان بەرگریان لە کۆماری تورکیا کردووە.


ئاماژەشی بەوەدا "رێکخراوە تیرۆریستییەکان نوێنەرایەتی کورد ناکەن، بەپێچەوانەوە ئەو رێکخراوە تیرۆریستیانە بوونەتە بەڵایەک بەسەر کورد، پەلاماری دڕندانە بۆ سەر کورد ئەنجام دەدەن. ئەو رێکخراوانە، بە لێدانی چاڵ و داخستنی رێگا و بومبڕێژکردنی ناوچەکە زیانێکی زۆریان بە برا کوردەکانمان گەیاندووە. باشە ئەوانەی کە چاڵیان لەبەر دەرگا لێ دەدرێت و شەقامەکانیان لێ دەگیرێ و ناچار دەکرێن ماڵەکانیان چۆڵ بکەن ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت برا کوردەکانمان نین؟ ئایا چاڵەکان لەبەر دەرگای ماڵە کوردەکان لێ نەدراوە؟ لە نێوان خانووەکان تونێل لێ دەدەن و هەڕەشە لە برا کوردەکانمان ناکەن؟ ئەدی ئەوە تیرۆریستان نین دەست بۆ نامووس و برا کوردەکانمان درێژ دەکەن؟ ئەوان بە زۆر هەڕەشە لە گەنجەکان دەکەن و دەیانبەن بۆ شاخەکان".



ئەردۆغان ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کۆبانێ، تورکیا بەبێ هیچ دوودڵییەک دوو سەد هەزار هاووڵاتی کوردی لەخۆ گرت. گوتیشی "دەمانتوانی وەریان نەگرین، بەڵام وامان نەکرد. ئێمە خۆمان بە خاوەنیان زانی، نانمان پێ دان، ئاومان پێ دان، ئەوانمان پاراست. تاکو ئێستە بەشێکی زۆر لە برا کوردەکانی کۆبانێ لە شار و شارۆچکەکانی تورکیا درێژە بەژیان دەدەن. لە هەرکوێیەکی جیهان بن، لە هەر وڵاتێک بن، ئێمە کوردەکان بە برای خۆمان دەزانین. وەک ئەو برایانەی خۆمان سەیریان دەکەین کە لە هەمان خاک لە دایک بووین. لە قووڵایی دڵمانەوە برا کوردەکانمان وەردەگرین".







باسنیوز
Top