بەهۆی قەیرانی دارایی 14 پارتی تورکمانی لە کەرکووک داخراون

 بەهۆی قەیرانی دارایی 14 پارتی تورکمانی لە کەرکووک داخراون
بەشێك لە پارتە توركمانییەكانی پارێزگای كەركووك، كە بەدۆستی كورد ناسراون كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی قەیرانە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و، داخراون.

سەیفەدین قەزانچی، سەرۆكی پارتی یەكێتی توركمانی دەڵێت : ئێمە بڕوامان وایە كورد و توركمان پێكەوە زۆر زوڵم و ستەمیان بینیوە، بۆیە ئەگەر بودجەش نەبێت هیچ لەم دۆستایەتییە ناگۆڕێت، بەڵام ئەگەر هەبێت دەتوانین كۆبوونەوەی زیاتر بكەین و خەڵكی خۆمان روونتر تێبگەیەنین".

ئەو پارتە توركمانیانە لەو بڕوایەدا نەبوون قەیرانە داراییەكان ئەو بودجەیەیان لێ ببڕێت كە ساڵانە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەریاندەگرت، بۆیە ئامادەكاریان بۆ پێكهێنانی هێزی سەربازی دەكرد، ئێستاش دەڵێن " ئێمە لەبەر ئەوەی توركیا و ئێرانمان لەپشت نییە ئەو هێزەمان بۆ پێکنایەت".

وەلید شەریكە، سەرۆكی پارتی ئەخای توركمانیش باس لەوە دەکات " 1500 شەڕكەر و خۆبەخشی توركمانی كەركووك دەیانەوێت پارێزگاری لە وڵات بكەن، بەڵام نە وەزارەتی پێشمەرگە رەزامەندە و نەمەرجەعیەتیش رێگە دەدات، نزیكەی دوو ساڵە دەمانەوێت بەرگری بكەین و هیچ باڵیۆزخانەیەک نەما بۆی نەچین، بەڵام لەبەر ئەوەی رەزامەندی توركیا و ئێرانی لەسەر نییە بۆمان دروست ناكرێت".

لە كۆی 17 پارتی توركمانی لەكەركووك كە دۆستی كورد بوون، تەنها سێ پارتیان ماون و ئەگەرچی پێگەی جەماوەرییان مامناوەندە، بەڵام خۆیان یەكلایی كردووەتەوە لەوەی پشتگیریی سەركردایەتی سیاسی كورد دەكەن.












رووداو
Top