لاڤرۆڤ: وتووێژەکانی ئاشتی سوریا بەبێ بەشداری کورد ئەنجامی نابێت

لاڤرۆڤ: وتووێژەکانی ئاشتی سوریا بەبێ بەشداری کورد ئەنجامی نابێت
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت ئەگەر بێت و کوردەکان بەشداری وتووێژەکانی ئاشتی سوریا نەکرێن، ئەوا ئەو وتووێژانە ئەنجامیان نابێت.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە مۆسکۆ گوتیشی تەنها یەک وڵات سوورە لەسەر بەشداری نەکردنی پەیەدە.

گوتیشی ناکرێت کوردەکان وەلاوەبنرێن لە کاتێـکدا لە 15%ی دانیشتوانی سوریا پـێـکدەهێنن و لە ناوچەیەکی گرنگی ئەو وڵاتەدا دەژین.

ڕەخنەشی لە هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا گرت، ئەوەی لە ڕیازی پایتەختی عەرەبسـتانی سعودیـیە شاندی ئۆپـۆزسیۆنیان بۆ وتووێژەکان پـێـکهێناوە و قایل نابن هیچ لایەنێـکی دیکە وەکو ئۆپـۆزسیۆن بەشداربن.

لاڤرۆڤ گوتی چۆن دەکرێت چاکسازی سیاسی بکرێت ئەگەر پارتێـکی سەرەکی کوردی بەشداری پـێنەکرێت لە کاتێـکدا سەرکەوتووانە شەڕی داعش و گروپە تێرۆرستەکانی دیکە دەکات.

گوتیشی ڕەتکردنەوە بەشداریکردنی لایەنێـک لە وتووێژەکاندا بە پـێچەوانەی بڕیاری ژمارە 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشە کە مافی دەسـتنیشانکردنی لایەنە بەشداربووەکانی بۆ ستافان دیمستۆرا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا جێهێشتووە.

باسی لەوەش کرد هەندێـک هەن دەڵێن پـێویست ناکات پەیەدە بەشداربێت، بەو پـێـیەی شەڕی بەشار ئەسەد ناکات. لاڤرۆڤ گوتی ئەمە بنەمایەک نیـیە بۆ دورخستنەوەیان لە وتووێژەکان.

پاشان گوتی نە ڕووسیا و نە ئەمەریکا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕانەسپـێردراون شاندە بەشداربووەکان دەسـتنیشان بکەن.

Top