هەڕەشەیەکی مەترسیداری سەربازی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی رووسیا بەدی دەکەین

هەڕەشەیەکی مەترسیداری سەربازی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی رووسیا بەدی دەکەین
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند بڕیارەکەی مۆسکۆ لە وەڵامدانەوەی داوا فەرمییەکەی دیمەشق و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا بە جددی گۆڕانکاری لە دۆخی سووریادا کردووە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی گەورەدا کە تایبەتکرابوو بە ئەنجامەکانی کارە دیپلۆماسییەکانی رووسیا لە ساڵی 2015، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لەوە کرد " مۆسکۆ زۆر بەباشی ئاگاداری بەرپرسیارییەتییەکانی خۆیەتی لە جیهاندا و بەپێی هەستکردن بەو بەرپرسیارییەتییەش لە بواری نێودەوڵەتیدا کار دەکات".

وەزیری دەرەوەی رووسیا روونیشی کردەوە " ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا یارمەتیدەر بووە لەوەی دۆخی کەیسەکە بەگشتی روونببێتەوە و، هەمووان ببینن کێ بە جددی شەڕی تیرۆرستان دەکات و کێش پشتیان دەگرێت".

بە ئاماژەدان بەوەی "گرنگترین شت رووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆژیای تووندئاژۆکانە"، لاڤرۆڤ هەروەها گوتی " هەموو مەرجێک سەبارەت بە گۆرینی رژێمی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر رەتدەکەینەوە".

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا باسی لە هەڕەشەی ناتۆ بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و گوتی " هەڕەشەیەکی مەترسیداری سەربازی ناتۆ لە نزیک سنوورەکانی رووسیا بەدی دەکەین".

لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا کە لە مۆسکۆ بە ئامادەبوونی 250 رۆژنامەڤانی بیانی و 200 رۆژنامەڤانی رووسی بەسترابوو، لاڤرۆڤ باسی لە پیلانەکانی داعش کرد و بە ترسناک ناوی بردن و گوتی " ئەمە ترسێکی راستییە، هەڕەشەیە بۆ سەر بواری ئەمنی هەموو جیهان".








رووداو
Top