نەواز شەریف: تاران و ریاز پێشوازیان لە ناوبژیوانی پاکستان کردووە

نەواز شەریف: تاران و ریاز پێشوازیان لە ناوبژیوانی پاکستان کردووە
سەرۆک وەزيرانی پاکستان کە بە ئامانجی ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و سعودیە سەردانی ئەو دوو وڵاتەی کردووە، گوتویەتی، هەر دوو وڵات پێشوازییان لەو هەنگاوە کردووە.

"نەواز شەریف" سەرۆک وەزیرانی پاکستان رۆژی رابردوو لەگەڵ "حەسەن رۆحانی" سەرۆک کۆماری ئێران کۆ بووە و پێشنیاری ناوبژیوانی لە نێوان ئێران و سعودیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی داوە.

ئەو ئەمڕۆ بە میدیاکانی پاکستانی گوتووە: "رێبەرانی هەر دوو وڵات رێزیان لە هەوڵەکانی ئێمە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان گرتووە. من وەڵامی ئەرێنیم وەرگرتووە و خۆشحاڵ بوومە. ئەمە کارێکی پیرۆزە".

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی پاکستانی "داڤن"، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئەو بابەتەی لە دیداری لەگەڵ پەیامنێرانی ئەو وڵاتە لە ئێران باس کردووە. ئەو جەختیشی کردەوە کە هەنگاوی داهاتوو ئەوەیە کە ئێران و پاکستان "نوێنەرانی تایبەت" بۆ بەرێوەچوونی رەوتی ناوبژیوانی دیاری بکەن. ئەو ئاماژەشی دا کە ریازیش بەنیازە کەسێک بۆ ئەو کارە دەستنیشان بکات.

هەوڵەکانی پاکستان لە کاتێکدایە کە "عادل ئەلجوبەیر" وەزیری دەرەوەی سعودیە بەم زووانە لە بابەتێکدا لە رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز گوتویەتی، وڵاتەکەی قوربانیی تیرۆریزم لە لایەن لایەنگرانی ئێرانە.

لە لایەکی دیکە "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بەرلەوە لە هەمان رۆژنامە لە بابەتێکدا ئاماژەی دابوو کە سعودیە بەنیازی تێکدانی رێککەوتنی ئەتۆمی و زۆر کردنی گرژییەکان لە ناوچەیە.

Top