ئه‌نگێلا مێركڵ: رێگه‌ی توركیا بۆ ئه‌ندامبوون له یه‌كێتیی ئه‌وروپا درێژه
ئه‌نگێلا مێركڵ رایگه‌یاند، ئه‌ندامبوونی ته‌واوی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا پێویست به‌كاتێكی زۆر ده‌كات و "دوایین دانووستاندنه‌كانی لووتكه‌ی برۆكسل ئه‌رێنیی بوون".
ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا له‌باره‌ی بوونە ئەندامی توركیا له یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئاماژەی بەوەكرد، كرانه‌وه‌ی زیاتری كه‌ناڵه‌كانی دیپلۆماسی نێوان هه‌ردوولا رێگه‌كه كورت ده‌كاته‌وه، "بەڵام توركیا رێگایه‌كی دوورودرێژی له‌به‌رده‌مه، هاوكات دوایین دانووستانه‌كان له لووتكه‌ی برۆكسل ئه‌رێنی و باش بوون".
مێركل گه‌شبینه به‌دانووستاندنه‌كانی توركیا و كۆمسیۆنه په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ ئه‌ندامبوونی ئەو وڵاته له یه‌كێتی ئه‌وروپا، هیوا ده‌خوازێت "كێشه‌ی هه‌ردوو قوبرس له‌میانی دانووستاندنه‌كان رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه، چونكه كاتی هاتووه به‌جیدی لایه‌نه‌كان په‌نجه بخه‌نه سه‌ر ئه‌و كێشه‌یه".
له‌باره‌ی کردەوە خۆکوژییەکەی به‌رده‌م مزگه‌وتی سوڵتان ئه‌حمه‌د له ئیسته‌نبوڵ و كوژران و برینداربوونی نۆ هاووڵاتیی ئه‌ڵمانی، مێرکل رایگەیاند "ئەو كرده‌وه‌یه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به‌كۆبوونه‌وه‌ی راوێژكاریی نێوان وڵاتان نییه، كه بڕیاره له داهاتوویه‌كی نزیكدا له به‌رلین سازبكرێت، چونكه ماوه‌یه‌كی زۆره ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژراوه".
له‌باره‌ی په‌نابه‌ره عێراقی و سوورییه‌كانه‌وه، مێرکل هانی توركیا ده‌دات بۆ باشتركردنی دۆخی په‌نابه‌ره‌كانی له‌خاكی ئه‌و وڵاته‌دا و گوتی "به‌دڵنیاییه‌وه په‌نابه‌ره‌كان بۆ هەمیشەیی له توركیا نامێننه‌وه، ئێستا دانووستان و سازانی سیاسی هه‌یه بۆ كۆتاییهێنانی ململانێیه‌كان له سووریا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ره‌كان بۆ وڵاته‌كه‌یان".
راوێژكاری ئەڵمانیا هیواخوازبوو بە چارەسەركردنی قەیرانی سووریا "سه‌ركه‌وتوو بین له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بۆ خاكی خۆیان، كه ئه‌مه‌ش هیوای سه‌رجه‌م په‌نابه‌ره‌كانه".
رووداو