دەمیرتاش: کورد هەوڵی جیابوونەوە نادات لە تورکیا

 دەمیرتاش: کورد هەوڵی جیابوونەوە نادات لە تورکیا

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پارتی دیموكراتی گەلان HDP، لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسی پارتەكەی لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، گوتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند كە کورد هەوڵی جیابوونەوە لە تورکیا نادات.

لەبارەی ئەجێندای پارتەكەی، دەمیرتاش گوتی "ئێمە هاتووین کەموکوڕییەکانی یەکدی چاکبکەینەوە و خەڵکێکی زۆر لە تورکیا هیوای بە هەدەپەیە".

هاوسەرۆكی هەدەپە لە گوتارەكەیدا باسی گرژی و ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستانی كرد و گوتی " پێویستە کۆتایی بە گوللـەبارانکردنی خەڵکی بهێندرێت لە تورکیا و بە کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدانی تەرمەکان دەستوورێکی نوێ نانووسرێتەوە".

دەمیرتاش جەختیكردەوە كە هەوڵێکی زۆریانداوە دەسەڵاتدارانی "فاشیستی" توركیا ناچار بکەن کۆتایی بە کوشتن بهێنن و ئۆپەراسیۆنەكان رابگرن.

لەبارەی سیاسەتی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بە ئاماژەدان بەوەی ئاکەپە خراپترین شێوازی حوکمڕانی پێشكەشکردووە، دەمیرتاش گوتی "شەڕی ئاکەپە تەنیا لە دژی گەلی کورد نییە".

















رووداو

Top