گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران ھەڵوەشانەوە

گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران ھەڵوەشانەوە
دوای ئەوەی رۆژی رابردوو، یوكیا ئامانۆ، بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی، بە فەرمی رایگەیاند، ئێران ھەموو قۆناغەكانی بە دروستی تێپەڕاندووە، فێدریكا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بەیاننامەیەكی ھاوبەشیان دەركرد.

موگرینی ھەڵوەشانەوەی بەشێك لە گەمارۆكانی دژ بە چالاكی ناوەكی ئێرانی بە فەرمیی بە میدیاكانی جیھان راگەیاند.

موگرینی گوتی: "لەبەر ئەوەی ئێران پابەندی بەڵێنەكانی بووە، گەمارۆی ئابووریی چەند وڵاتێكی پەیوەندار بە بەرنامەی ناوەكیی ھەڵوەشانەوە".

یەكێتی ئەورووپا، وڵاتانی چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا، ئەمریكا و ئێرانیش بەڵێنیان داوە، لە بەكارھێنانی وزەی ناوەكی بۆ چالاكی ئاشتیانە ھاوكاری یەكتر دەبن.

ھاوكات بڕیارە نەتەوە یەكگرتووەكانیش گەمارۆ ئابوورییەكانی دژ بە چالاكی ناوەكی ئێران ھەڵبوەشێنێتەوە.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەقەی بەیاننامەكەی بە فارسی بۆ میدیاكان خوێندەوە.

زەریف گوتی: "ئەمرۆ ئێمە رێككەوتنمان بەدەستھێنا. لە رۆژی دەستپێكەوە بە سەختی كارمان كرد و بە ھەوڵی گشتیی گەیشتینە ئەو رێككەوتنە".

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو: "نزیكەی 6 مانگ دوای دەستێكی دانیشتنە مێژوویەكە، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی پشتڕاستی كردەوە، ئێران ھەموو خاڵەكانی رێككەوتنە ناوەكییەكەی وەكوو خۆی جێبەجێ كردووە".

یوكیا ئامانۆ، بەرپرسی رێكخراوی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكییش گوتی: "ئەمرۆ پێتانرادەگەیەنم، ئێران ھەموو خاڵە گرنگەكانی ناو چوارچێوەی رێككەوتنی وەكوو خۆی جێبەجێكردووە و راپۆرتەكە بە فەرمی گەیشتۆتە دەست ئەنجوومەنی چاودێری ئاژانس و ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوە یەكگرتووەكان.

ھەرچەندە تائێستا تەنیا گەمارۆكانی پەیوەندار بە وزەی ناوەكی لەسەر ئێران لابردراون و ئێران گەمارۆی دیكەشی لەسەر ماوە، بەڵام گەرانەوەی نزیكەی 100 ملیار دۆلاری دەستبەسەرداگیراو بۆ ئێران، كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە و كەمی بوودجە دەبێت.















K24-
Top