ناتانیاهۆ: ئێران وازی لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی نەهێناوە

 ناتانیاهۆ: ئێران وازی لە بیرۆکەی چەکی ئەتۆمی نەهێناوە
"بنیامین ناتانیاهۆ" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە لابردنی گەمارۆکانی سەر ئێران، رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی ئێران رێککەوتنامەی پێنج کۆیەک ئەنجام داوە، بەڵام هێشتا بیرۆکەی ی دروستکردنی چەکی ئەتۆمییان لەسەر دایە."



ئاماژەی بەوەش داوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاژاوە دەنێتەوە و لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان یارمەتیی چالاکیی تیرۆرستی دەدات".



ناتانیاهۆ داوای لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە لە نزیکەوە چاودێریی ئێران بکەن بۆ ئەوەی هیچ پێشێڵکارییەک ئەنجام نەدات کەلە دەرەوەی رێککەوتنامەکە بێت و گوتیشی: "ئێمە وەک ئیسرائیل بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی ئەو وڵاتە".



تیشکی خستە سەرئەوەی کە ئێران هەوڵ دەدات پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئاژاوە دەنێتەوە و گوتی: "بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لەدژی هەر هەڕەشەیەک ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین".



بەپێێ رێککەوتنی 14ی تەموزی 2015، کە لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەنێوان ئێران وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمریکا، روسیا، چین، فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ ئەڵمانیا(1+5) بەڕێوە چوو، بڕیاردرا لەسەر ئەوەی کە ئێران کۆتایی بە چالاکيی ئەتۆمی بهێنێت و لە بەرامبەردا گەمارۆی ئابووری لەسەر ئەو وڵاتە هەڵبگیرێت".



ماوەیەک لەمەوبەر ئاژانسی نێودەوڵەتيی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند کەوا ئێران تەواوی مەرجەکانی جێبەجێ کردووە و پابەندە بە بڕیارەکان و لە بەرامبەردا نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش فێدێریکا مۆگرینی رایگەیاند کەوا گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر ئێران هەڵدەگرن.



دوێنێ شەممە بە ئامادەبوونی محەمەدجەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە ڤییەنا سەرۆکی رێکخراوی نیودەوڵەتیی وزەی ناوکی و سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، بە فەرمی دەست کرا بە هەڵگرتنی گەمارووە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و لە ناوخۆی ئێرانیش کرایە جەژن.



ئیسرائیل یەک لەو وڵاتانە بووە کە هەر لە سەرەتاوە دژی گفتوگۆ و رێککەوتنی ناوکیی وڵاتانی ئەورووپی لەگەڵ ئێران بووە.











باسنیوز
Top