هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی لەسێدارەدانەکانی سعودیە

 هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی لەسێدارەدانەکانی سعودیە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بەیاننامەیەک، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی لەسێدارەدانەکانی رۆژی شەممەی سعودیە ئاشکرا دەکات.



لە بەیاننامەیەکدا، کە وێنەیەکی گەیشتووەتە باسنیوز، جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە چەند جارێک سعودییەکانیان لە مەترسییەکانی لەسێدارەدان و سیستەمی دادگاییکردنەکان ئاگادارکردووەتەوە.



وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەوەدەکاتەوە، کە داواکانیان لە حکوومەتی سعودیە دووبارە دەکەنەوە بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و گرەنتیکردنی دادگاییکردنی روون و ئاشکرای تۆمەتباران.



بەپێی بەیاننامەکە، ئەمریکا هەروەها داوا لە سعودیە دەکات رێگا بە نیشاندانی ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە بدات و بەرپرسانی ئەو وڵاتە دڵەڕاوکێ و مەترسییەکانی ئاژاوەی تایفی لەبەرچاو بگرن.



جۆن کێربی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە وڵاتەکەی بە نیگەرانییەوە لە لەسێدارەدانی شێخ نەمر دەڕوانێت و پێیوایە دووبەەکییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.



رۆژی شەممە 2ـی کانوونی دووەمی 2016، دەسەڵاتدارانی سعودیە لەسێدارەدانی 47 کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و هاندانی راگەیاند، کە لەنێویاندا شێخ نەمر باقی نەمر، گەورە سەرکردەی شیعەکانی سعودیەی تێدابوو.







باسنیوز
Top