توركیا بۆ گازی سرووشتی روو لە توركمانستان و كازاخستان دەكات

توركیا بۆ گازی سرووشتی روو لە توركمانستان و كازاخستان دەكات
دوای گرژییەكانی نێوان توركیا و رووسیا، حكومەتی ئەنقەرە هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەی گازی سرووشتی دەدات و دوای ئازەربایجان و قەتەر، بڕیارە ئەمجارە روو لە توركمانستان و كازاخستان بكات.

بەرپرسانی باڵای توركیا لە ئەگەری راگرتنی هەناردەی گازی سرووشتیی رووسیا، هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی دیكەیان داوە و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ئازەربایجان و قەتەر رێككەوتوون، وێستگەی دواتری بەرپرسانی ئەم وڵاتە توركمانستان و كازاخستان دەبێت، بۆئەوەی گازی سرووشتی و گازی شل لە جۆری LNG بۆ توركیا دابین بكەن.

بەر لە كۆتایی ساڵی 2015، كۆمپانیای بۆتاشی سەر به ‌وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی توركیا كە كۆمپانیایەكی تایبەتە به ‌فرۆشتنی گازی سروشتی و نەوت، تەندەرێكی ئامادەكردووە بۆئەوەی پڕۆژەی راكێشانی بۆڕی گازی سرووشتی لە مێردینی باكووری كوردستان، لە 35مین كیلۆمەتری تاوەكو دەگاتە شارۆچكەی سلۆپی كاری بۆ بكرێت.

هەروەها لەودیوی سنووری هەرێمی كوردستانیش كاركردن بەهەماهەنگیی هەمان كۆمپانیا دەستپێبكات بۆئەوەی بەزووترین كات سوود لە گازی سرووشتی باشووری كوردستان وەربگیرێت.

بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر ئاستی باڵا سەردانی هەریەك لە توركمانستان و كازاخستان دەكەن بۆ هەمان مەبەست. هەروەها بۆ گازی سرووشتی زیاتر رەنگە توركیا پەنا بۆ هەریەك لە وڵاتانی نایجیریا و جەزائیر ببات بەمەبەستی دابینكردنی گازی سرووشتی زیاتر و وەلانانی مەترسییەكان.

میدیاكانی توركیا دوێنێ شەممە 5-12-2015 بڵاویانكردەوە لە كۆگاو عەمبارەكانی توركیادا تەنیا بڕی 16 رۆژ گازی سرووشتییان ماوە و هیچ یەدەگێكی دیكەیان نەماوە، بەهۆیەوە پێویستە بەزووترین كات چارەسەری بكەن ئەگینا قەیرانی وزە روو لەم وڵاتە دەكات.

سەدا 50 ی گازی سرووشتی توركیا لەلایەن رووسیاوە دابیندەكرا، بەڵام بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەی رووسیا، پەیوەندی نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ تێكچوو، بەو هۆیەوە رووسیا هەناردەكردنی گاز و، پڕۆژەی گەیاندنی گازی رووسیای لەڕێگەی توركیاوە بۆ ئەوروپا راگرت، سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەكانیشی لەگەڵ توركیا هەڵپەساردن.




رووداو-
Top