ئۆپیک: لەساڵى ٢٠١٦ ئابورى جیهان لەسەدا ٣،٤ بەرز دەبێتەوە

ئۆپیک: لەساڵى ٢٠١٦ ئابورى جیهان لەسەدا ٣،٤ بەرز دەبێتەوە
ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ناسراو بە (ئۆپیک) پێشبینی کرد، گەشەی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠١٦دا لە سەدا سێ و پۆینت چوار بەرزبێتەوە.

ئۆپیک لە ڕاپۆرتێکییدا پێشبینی ئەوەشی کردووە لە ساڵی ٢٠١٦دا داواکاریی ڕۆژانە لەسەر نەوت ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار بەرمیل زیاد بکات.

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە "پێویستە لە چەند مانگی داهاتووەوە وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک بەردەوامبن لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان لە نزیکەوە."

ڕێکخراوى ئۆپیک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەى بەوەشکردووە "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەکە تەنها بۆ دوو خول کەسێک دەتوانێت ببێتە ئەمینداری گشتی ئۆپیک، بەڵام عەبدوڵا بەدری کە هەردوو خولەکەی تەواوکردووە وەک کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە تا لە مانگی تەموزی ساڵی داهاتوودا کەسێکی تر لە جێگەی دادەنرێت."

دوێنێش لە کۆنگرەى ساڵانەى ئۆپیکدا ئاڵۆزی کەوتە نێوان هەندێک لە ئەندامانی ڕێکخروەکە سەبارەت بەوەى کە شکستخواردوو بوون لە ڕێکەوتن لەسەر دیاریکردنی ئاستێکی دیاریکراو بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، ئێرانیش ڕایگەیاند، ئامادەنیە بەرهەمێنانی نەوتەکەی کەمبکاتەوە تا ئاستی بەرهەمهێنانی ئاسایی دەکاتەوە کە چەند ساڵێکەوە بەهۆی سەپاندنی سزای ئابوورییەوە کەمیکردووەتەوە.
Top