گوتەبێژێكی نەتەوەیەكگرتووەكان: دەبێ گرژییەكانی نێوان رووسیا و توركیا چارەسەر بكرێن

گوتەبێژێكی نەتەوەیەكگرتووەكان: دەبێ گرژییەكانی نێوان رووسیا و توركیا چارەسەر بكرێن
دیپلۆماتكارانی ئەمریكی و رووسیی لە هەموو كاتێك زیاتر گەشبین دەردەكەون سەبارەت گەیشتن بە چارەسەر و ئاگربەست لە سووریا. گوتەبێژێكی نەتەوەیەكگرتووەكانیش دەڵێت:" دەبێ زوو گرژییەكانی نێوان رووسیا و توركیا چارەسەر بكرێن

سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند" جگە لە دوو كۆنفرانسەكەی ڤیەننا، لەم مانگەدا كۆنفراسێكی ئاستبەرزی نێودەوڵەتی لە نیویۆرك ئەنجامدەدرێت".

بان كی مۆن سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكانیش رایگەیاند:" ئێمە كار لەسەر راگەیاندنی پێشنیازێك دەكەین كە لە مانگی یەكەمی 2016 بیبەستین بۆ دەستپێكردنی دانوستاندن لەنێوان لایەنەكان و هەروەها راگەیاندنی ئاگربەستی سەرتاسەری لە سووریا".

بەڵام روودانی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی رووسیا لەلایەن توركیاوە و گرژی نێوان رووسیا و توركیا لەوانەیە ببێتە هۆی شكستێكی دیكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رێككەوتن لەسەر داهاتووی سووریا.

فەرهان هەق ،جێگری گوتەبێژی فەرمیی نەتەوەیەكگرتووەكان لەوبارەوە بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند:" ئێمە هیوادارین كە وڵاتە پەیوەندیدارەكان ئەو كێشانە چارەسەر بكەن كە بەهۆی ئەم رووداوەوە لە نێوان تورکیا و رووسیا سەریان هەڵداوە".

بەڵام مەرج نییە خستنەخوارەوەی فڕۆكە رووسییەكە تەنیا ببێتە هۆی ئاڵۆزكردنی هەوڵەكانی وڵاتان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە سووریا.

ئەگەرێكی زۆر هەیە كە توركیا بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت ، هەلێكی زێڕینی دابێتە رووسیا و خەونێكی كۆنی سەردەمی یەكێتی سۆڤێتی بۆ رووسیا بەدیهێنابێت.

خستنەخوارەوەی فڕۆكە رووسییەكە بیانووی داوەتە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆكکۆماری رووسیا كە سیستەمی مووشەكی ئێس 400 لە باكووری سووریا دابمەزرێنێت. بەوشێوەیە رووسیا كۆنترۆڵی ئاسمانی ناوچەیەكی فراوان دەكات لە دەریای نێوەڕاست كە لە باكووری سووریا تاوەكو كەنارەكانی قوبرس درێژ دەبێتەوە.

ئەمەش یەكەمینجارە لە مێژوودا رووسیا ببێتە یەكێك لە هێزە باڵادەستەكانی دەریای نێوەڕاست.

جگە لە لایەنی سەربازی، رووسیا هەڵمەتێكی راگەیاندنیشی لە دژی توركیا دەستپێكردووە.

ئەناتۆلی ئەنتۆلۆڤ، جێگری وەزیری بەرگری رووسیا رایگەیاند "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستمان كەوتوون ، سەركردایەتی باڵای توركیا ، سەرۆك ئەردۆغان و ئەندامانی خێزانەكەی بەشدار بوونە لە بازرگانی نەوت لەگەڵ داعش".

هەرچەندە زەحمەتە تۆمەتەكانی رووسیا دەربارەی توركیا پشتڕاستبكرێنەوە، بەڵام ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی رووسیا تاوەكو ئێستا سەركەوتووبوونە لەوەی كە بابەتی بازرگانی نەوتی داعش بكەنە یەكێك لە بابەتە سەرەكییەكانی میدیای ئەمریكی و لەوانەشە هۆكارێك بن بۆ لێدوانە سەرنجڕاكێشەكەی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی سنوورەكانی توركیا لەگەڵ سووریا .

باراك ئۆبامای سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند " هێشتا بۆشایی هەیە لە سنوورەكانی توركیا بەتایبەتی ئەو 98 كیلۆمەترەی كە وەك خاڵێكی هاتوچۆی چەكدارە بیانییەكان بەكاردێت و هەروەها داعش بۆ هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت بەكاریدەهێنێت كە بەهۆیەوە پارە بۆ چالاكییە تیرۆریستییەكانی دابیندەكات".

دوای نزیكەی پێنج ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و كوژرانی 250 هەزار كەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 11 ملیۆن كەس لە سووریا ، لەوانەیە ئێستا دەرفەتێكی جیدی بۆ ئاشتی هەبێت لە سووریا ئەگەر گرژییەكانی نێوان رووسیا و توركیا نەبنە بەربەست.







رووداو
Top