ده‌میرتاش: ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ

ده‌میرتاش: ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ
ده‌میرتاش له‌كاتی سه‌ردانی بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، من لە بارەی پرسی قۆناغی چارەسەرییەوە رەشبین نیم و ئەگەر نییەت هەبێت ئەو پرسە دێتەوە بەر باس و لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە خەڵک پشتگیری لە پرسی چارەسەری دەکات.

هاوسەرۆکی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش) لە کاتی سەردانیکردنی بۆ ئەمەریکا و بەشداریکردنی لە کۆنفراسی ئەنیستیتیوتی تورکیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوین و پێشکەشکردنی گوتارێک، وەڵامی چەندین پرسیاری ئامادەبوانی دایەوە، کە پرسیارەکان هەمووی پێوەندی بە بارودۆخی ئێستای ناوچەکەوە هەبوو.
دەمیرتاش لە بارەی پرسی قۆناغی چارەسەرییەوە دووبارە داوای لە حکوومەت کرد کە ئەو پرسە بهێنێتەوە بەرباس و گوتی: "دەبێت حکوومەت ئەوە باش تێبکات، کە ئەو کێشەیە بە شەڕ چارە ناکرێت، پێویستە دووبارە بگەڕێینەوە بۆ مێزی گفتوگۆ. من لە بارەی پرسی قۆناغی چارەسەرییەوە رەشبین نیم و ئەگەر نییەت هەبێت ئەو پرسە دێتەوە بەر باس و لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە خەڵک پشتگیری لە پرسی چارەسەری دەکات".

دەمیرتاش لە بارەی پێگەی هەدەپە لەناو سیاسەتی تورکیا و خەڵکی تورکیا پێی وایە کە بە گوێرەی ئەو راپرسییانەی ئەوان کردویانە، دانیشتوانی تورکیا 50%ی دڵسوزیان بۆ هەدەپە هەیە، واتە ئەوان پێیان وایە هەدەپە یەکێکە لەو پارتانەی دەتوانێت دیموکراتی بۆ تورکیا بەرهەم بهێنێت، کە ئەوەیش بۆ ئەوان زۆر گرنگە. بەڵام لەسەر سندوقەکانی دەنگداندا ئەو رێژەیە بۆ 10% دابەزی.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشی ئایا راستە کە پەکەکە هۆکارێکی سەرەکی بوە بۆ ئەوەی هەدەپە دەنگی کەم بکاتەوە؟ لە وەڵامدا گوتی: "شەڕ و ئاشووب کاریگەری زۆر لەسەر دیموکراتی دەبێت و کەشێکی خراپ دەخولقێنێت، ئەمە راستییەکە. بەڵام لە بارەی ئەوەی ئەو خەندەقانەی پەکەکە لێیان داوە و هەروەها راگەیاندنی کانتۆن لە چەند ناوچەیەک کاریگەری لەسەر دەنگی ئێمە هەبووبێت، وەڵامی ئەوەمان لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەست کەوت. سەرەتا لە 8 ناوچە کانتۆن راگەیەندرابوو، لەو 8 ناوچەیە دەنگی هەدەپە زیادی کردبوو کەمی نەکردبوو. هەروەها لە زۆرێک لەو شوێنانەی کە شەڕی زۆری لێکرابوو دەنگی ئێمە زیادی کردبوو وەکو (جەزیرە و هەکاری و شرناخ). ئێمە هیچ کاتێک نەمانگوتوە کە پەکەکە شەڕی هەڵگیرساندوە بۆ ئەوەی هەدەپە بچێتە دواوە و پێگەی لاواز بێت، ئەو بۆچوونانەی وا دەڵێن راست نییە".

دەمیرتاش لە بارەی سیستەمی سەرۆکایەتیش بۆ تورکیا کە ئێستا ئاکپارتی پروپاگندەی بۆ دەکات، دەڵێت قسە یەکجار لە دەم دێتە دەرەوە.
ئەو دەڵێت: "هیچ کاتێک نابێت ماف و ئازادی خەڵک مامەڵەی پێوە بکرێت. ئێمە بەردەوام گوتومانە کە ئەو سیستەمە سەرۆکایەتییەی ئەردۆگان و ئاکپارتی باسی لێوە دەکەن هیچ کاتێک بۆ بەرژەوەندی خەڵک نییە، بۆیە تا ئێستا بە شێوەیەکی روون ئەو داوایەیان لە هیچ لایەنێک نەکردوە. تاوەکو ئێستا ئەوان مەبەستی خۆیان لە سیستەمی سەرۆکایەتی روون نەکردوەتەوە، چونکە ئەوان نایانەوێت مۆدێلی دیموکراتی سیستەمی سەرۆکایەتی پێشکەش بکەن".
Top