توركیا ده‌ستی به‌ ده‌ستگیركردنی داعش و په‌كه‌كه‌ كرد

توركیا ده‌ستی به‌ ده‌ستگیركردنی داعش و په‌كه‌كه‌ كرد
حکوومەتی تورکیا لە ئیستانبوڵ و ئامەد و ئانکارا، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی نهێنی پەکەکە دەستپێکردوە و تائێستایش بە دەیان کەسیان دەستگیر کردوە.

سەعات چواری بەیانی هێزەکانی پۆلیس و بە هاوکاری هەلیکۆپتەری سەربازی، ئۆپەراسیۆنێکی گەورەیان لە ئیستانبۆڵ بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی پەکەکە و داعش ده‌ستپێكردووه‌ و، توانیویانە ژمارەیەکی زۆریان لێ دەستگیر بکەن. هەروەها ئەوان تەنیا بۆ ئەو شوێنانە چوونە کە زانیارییان لەلا هەبووە کە پەیوەندییان بە داعش و پەکەوە هەیە.
بە گوێرەی زانیارییەکان پۆلیس توانیویەتی تەنیا لە ئیستانبۆڵ 10 کەس دەستگیر بکات، کە سەرەتا لە نەخۆشخانە کۆنتڕۆڵی تەندروستیان بۆ کراوە و، پاشان رەوانەی زیندان کراون تا رۆژی دادگاییکردنیان.

هەر لە هەمان کاتدا لە ئامەد و ئانکارایش ئۆپەراسیۆنیان دەست پێکردوە و، لە ئامەد سەر ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیستیان گرتوون.
هەروەها لە ئانکارایش هەڵیانکوتاوەتە سەر راوێژکاری رۆژنامەوانی هاوسەرۆکی هەدەپە (فیگەن یوکسەکدغ) بە ناوی (ئێگە شیمشەک) و دەستگیریان کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان لە کاتی دەستگیرکردنی ئەندامانی کۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیست، پۆلیس جێگری سەرۆکی كۆمەڵەی گەنجانی سۆسیالیستیشی دەستگیر کردووە بە ناوی (فەتحییە ئۆک).
تا ئێستا لە لایەن هەدەپە هیچ لێدوانێک لەسەر دەستگیرکردنی (ئێگە شیمشەک) نەدراوە.
Top