بەریتانیا یەکەم هێرشی ئاسمانیی لە سووریا ئەنجام دا

بەریتانیا یەکەم هێرشی ئاسمانیی لە سووریا ئەنجام دا
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی بەریتانیا یەکەم هێرشی ئاسمانییان لە سووریا بۆسەر پێگەکانی داعش ئەنجام دا.

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە سووریا بۆسەر داعش پەسەند کرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی ئەو وڵاتە سەرەتای هێرشە ئاسمانییەکانیان دەستپێکرد لە سووریا.

هاوکات بەریتانیا سەرەتای هێرشە ئاسمانییەکانی بە چوار فڕۆکەی جەنگی تۆرنادۆ دەستپێکرد کە لە بنکەی سەربازی قوبروسەوە (RAF Aktrotiri) هەڵساون بەرەو سووریا.

وتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، فڕۆکەکان دوای ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکان گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازی قوبروس.

شەوی ڕابردوو پەرلەمانی بەریتانیا دوای ئەوەی نزیکەی ١٠ کاتژمێر گفتوگۆی لەسەر بڕیارەکە کرد، لە کۆتاییدا بە ٣٩٧ دەنگی بەڵێ و ٢٢٣ دەنگی نەخێر، بڕیارەکە پەسەند کرا.

دوای پەسەندکردنی بڕیارەکەش، دەیڤد کامیرۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتی "پەرلەمان بڕیارە دروستەکەی هەڵبژارد بۆ پارێزگاریکردن لە وڵات"، پێچەوانەی ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان بە نەخێر دا کە پێیان وابوو "بڕیاری ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی لە سووریا هەڵەیە.
Top