کاردانەوەى سەردانەکەى بارزانى لە میدیا عەرەبییەکانى سعودیە و کەنداو

 کاردانەوەى سەردانەکەى بارزانى لە میدیا عەرەبییەکانى سعودیە و کەنداو
میدیاکانى سعودیە و کەنداو رووماڵى سەردانەکەى مەسعود بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستانیان بۆ سعودیە کرد و بە گرنگیەوە لە سەردانەکەیان روانى بۆ ریاز.

ئاژانسى هەواڵى سعودیە (واس) لە هەواڵى یەکەمى رۆژنامە و ماڵپەڕەکەیدا ئاماژەى بە سەردانەکەى بارزانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ شا سەلمان، پاشاى سعودیە کردووە.

واس ئاماژەى بەوەکردووە "وەک چۆن بارزانى خۆشحاڵى خۆى دەربڕیوە بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەى ریاز، هاوشێوە شا سەلمان خۆشحاڵى خۆى بە سەردانەکەى بارزانى دەربڕیووە".

لەبارەى ئەجێنداى سەردانەکە، واس تەنیا ئاماژەى بەوە کردووە" پەیوەندییەکانى نێوان ریاز و هەولێر، لەگەڵ چەند بابەتێکى دیکەى جێگە بایەخى هەردوولا، ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکان بووە".

رۆژنامەى شەرقولئەوسەت رووماڵى سەردانەکەى بارزانى بۆ ریاز کردووە و ئاماژەى بەوە کردووە، بارزانى و شا سەلمان هەماهەنگى زیاترى نێوان هەردووڵا وڵاتیان تاوتوێکردووە.

کەفاح مەحموود، راوێژکارى راگەیاندن لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بە شەرقولئەوسەتى گوتووە "سعودیە یەکێکە لەو وڵاتە گرنگانەى لە شەڕى دژى تیرۆر بۆ ماوەیەکى درێژە بەشدارە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمى کوردستان سەلماندى کە لە ناوچەکەدا تەنیا هێزى کاریگەرە دژى تیرۆر، بۆیە سەردانەکەى ریاز گرنگى تایبەتى خۆى لە رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر هەیە لە ناوچەکەدا".

کەفاح مەحموود دەشڵێت "دواى تیرۆر پرسى ئابووریى نێوان سعودیە و هەرێمى کوردستان بابەتێکى گرنگى کۆبوونەوەکان بوو، بەتایبەت وەبەرهێنانى کۆمپانیا سعودییەکان لە کوردستان".

راوێژکارى راگەیاندنى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان باسی لەوەشکردووە،" پرسى هەماهەنگى ئابووریى نێوان ریاز و هەولێر زۆر گرنگە، بەتایبەت کارکردنى کۆمپانیا سعودییەکان لە هەرێمى کوردستان کە خزمەت بە ئابوریى هەردوولا و، ئەمن و ئاسایشى کوردستان دەکات".

شەرقولئەوسەت لە کۆتایى راپۆرتەکەیدا نووسیویەتى "لە چەند ساڵى رابردوودا، مەسعود بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەرکەوتوو بووە لە بنیاتنانى پردێکى پەیوەندى بەهێز لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى بە گشتى و وڵاتانى کەنداو بەتایبەتى، لەسەر هەموویانەوە سعودیە"، هاوکات ئاماژەى بە سەردانەکەى بارزانى بۆ سعودیە کردووە لە 2010 کە لەگەڵ شا عەبدوڵا، پادشاى کۆچکردوویى ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.

تەلەڤزیۆنى عەرەبیەى سەر بە هەمان وڵات، باسى لە سەردانەکەى بارزانى بۆ ریاز کردووە و نووسیویەتى "هەردوو سەرۆک تاوتوێى چەند ستراتیژیەتێکى جیاوازیان کردووە بۆ هەماهەنگى زیاترى هەردووڵا و پرسە هاوبەشەکانى نێوانیان".

هاوکات ئاژانسى فەرمى وڵاتی کوەیت (کونا) باسى لە سەردانەکەى بارزانى و کۆبوونەوەى لەگەڵ شا سەلمان کردووە، کە تێیدا هەردوو سەرۆک پەیوەندیە هاوبەش و پرسە جیاوازەکانى ناوچەکەیان تاوتوێکردووە.

رۆژی 1-12-2015 ، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ریازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای ئەم وڵاتە و 20 گەورەبەرپرسی سعودی كۆبووەوە.










رووداو
Top