باکووری کوردستان.. ئەڵمانیا سێ فڕۆکە دەنێرێتە بنکەیەکی سەربازیی

 باکووری کوردستان.. ئەڵمانیا سێ فڕۆکە دەنێرێتە بنکەیەکی سەربازیی
ئەڵمانیا بڕیاریداوە سێ فڕۆکە و سەدان سەرباز بنێرێتە بنکەی ئەنجەرلیکی سەربازیی لە باکووری کوردستان لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).



شەوی سێشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2015، یینز فلوسدورف، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ناردنی ئەم فڕۆکانە پێویستیی بە رەزامەندیی پەرلەمانی ئەڵمانیایە و ئاماژەی بەوەکرد، کە فڕۆکەکان بەشداریی بۆردوومانکردنەکان ناکەن، بەڵام مووشەکی ئاسمانی هەڵدەگرن.



یینز فلوسدورف هەروەها رایگەیاند، کە دوو فڕۆکە لە جۆری تۆرندۆی سیخوڕیی و چاودێری دەبن و فڕۆکەی سێیەمیش بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی دیکە دەبێت.



بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەوتی بەرگری ئەڵمانیا، وێڕای ناردنی ئەو سێ فڕۆکەیە، حکوومەتی ئەڵمانیا بڕیاریداوە نزیکەی 1200 سەرباز بنێرێتە باکووری کوردستان لە نزیک سوریا و رۆژئاوای کوردستان، لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش.



لە سەرەتای شەڕی دژ بە داعش، ئەڵمانیا بووەتە بەشێک لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و بە چەک و کەلوپەلی سەربازیش هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە، وەک تاکە هیزی زەمینیی دژ بە داعش.






باسنیوز
Top