ئیسرائیل: ئێران هەوڵدەدات بەرەیەکی شەڕ دژ بە ئیسرائیل بکاتەوە
رۆژی دووشەممە 16 ی تشرینی دووەمی 2015 ، موشیە یعالون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند" ئیسرائیل کار لەسەر چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی داعش لە سووریا و لایەنگرانی لە کەرتی غەزە و کەرتی رۆژئاوا دەکات".
موشیە یعالون جەختیشیکردەوە، چەکدارانی داعش هیچ بەرەیەکی شەڕیان لە بەرزاییەکانی جۆلان دژ بە ئیسرائیل نەکردووەتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل نیگەرانی خۆی لە بوونی ئێران لە سووریا دەربڕی و راشیگەیاند" ئێران لە سووریا کار لەسەرکردنەوەی بەرەیەکی شەڕ لە گەڵ ئیسرائیل دەکات، بەڵام هەوڵەکانیان شکست دەهێنێت".
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی پێنجشەممە 1 ی تشرینی یەکەمی 2015 ، لە گوتارێکدا کە لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشیکرد، رایگەیاند" ئێران خوازیاری ئەوەیە ئیسرائیل لەسەر نەخشە رەشبکاتەوە و چەکی زۆری رەوانەی سووریا کردووە و رۆلی تێکدەرانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگێڕێت".
ناتانیاهۆ، لە گوتارەکەیدا هاوشێوەی داعش وەسفی ئێرانی کرد و راشیگەیاند" ئێران و داعش هەڕەشەن بۆسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
رووداو