پـۆلیسی فەڕەنسا 168 ئۆپەراسیۆنی پشـکنین لە وڵاتەکەی ئەنجام دەدات و 23 کەس دەسـتگیردەکات
بێرنار کازەنۆڤ وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ئەمڕۆ گوتی 23 کەسی گومانباریان لەو ئۆپەراسیۆنانە دەسـتگیرکردووە و هەروەها دەسـتیانگرتووە بەسەر 31 پارچە چەکدا. گوتیشی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەنها هەنگاوی سەرەتایـین بۆ نەهێشتنی تێرۆر لە وڵاتەکە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد 104 کەسی دیکە لە ماڵەکانیان دەسـتبەسەرکراون.
هاوکات مانوئێل فاڵس سەرۆک وەزیری فەڕەنسا گوتی ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی ئەو باری نائاسایییە ئەنجامدراون کە سەرۆک فڕانسوا ئۆلاند ڕایگەیاندووە. گوتیشی ئامانج لەمە لێکۆڵینەوەیە لەو توندڕەوە ئیسلامیـیانەی ڕق و کینە لە دژی فەڕەنسا بڵاودەکەنەوە.
پاشان گوتی دەزگای زانیاری وڵاتەکەی لەوەتای هاوینەوە ڕێگەی گرتووە لە ڕوودانی چەندان هێرشی تێرۆرسـتی، وە پـۆلیس زانیاری هەبووە کە پـیلان بۆ هێرشی دیکە لە دژی فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا دادەڕێژرێت. جەختی لەوەش کرد هێرشەکانی پاریس لە سوریا نەخشە و پـلانی بۆ دانراوە، وە بەڵێنی دا هێرشی چڕتر لە دژی داعش ئەنجامبدرێن.
هۆشداریشی دا کە شیانی هەیە لە چەند ڕۆژ یان هەفتەی داهاتوو هێرشی دیکە بکرێتە سەر وڵاتەکەی.
VOA