داعش ویستوویەتی هەمان ئۆپەراسیۆنەكەی پاریس لە ئیستانبووڵ ئەنجام بدەن

 داعش ویستوویەتی هەمان ئۆپەراسیۆنەكەی پاریس لە ئیستانبووڵ ئەنجام بدەن
گرووپی تیرۆریستیی داعش لە هەمان ئەو رۆژەی 7 تەقینەوەیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجام دا و بە هۆیەوە 129 هاووڵاتیی بێتاوان شەهید بوون، بە نیاز بوون لەناو ئیستانبووڵیش هەمان ئۆپەراسۆن ئەنجام بدەن، بەڵام دەستگیر كراون.

رۆژنامەی "رۆیتەرز"ـی ئەمەریكایی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی داوە كە، 2 بەرپرسی باڵای توركیا لێدوانی بۆ داون و گوتوویانە لەو رۆژەی تەقینەوەكانی پاریس ئەنجام دراوە، داعش ویستوویەتی هەمان سیناریۆ یاخود ئۆپەراسیۆن لە ئیستانبووڵ ئەنجام بدات، بەڵام ئەوان دەستگیریان كردوون.
ئەو 2 بەرپرسەی توركیا حەزیان نەكردووە ناویان بهێنرێت، بەڵام گوتوویانە كە چەند تیرۆریستێكیان لە رۆژی هەینی لەناو ئیستانبووڵ دەستگیر كردووە، كە هەمان ئەو رۆژە بوو كە لە پاریس تەقینەوەیان ئەنجام داوە، بۆیە ئەگەرێكی زۆرە كە ئەوان ویستبێتیان هەمان ئۆپەراسیۆن لەناو ئیستانبووڵ ئەنجام بدەن.
ئەوان گوتوویانە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تیرۆریستانە دەستی پێكردووە و، رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە بڵاو بكەنەوە. هەروەها ئێستا لە هەموو شارەكانی توركیا ئەمنییەتی زۆر توند هەیە و بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە سەر بە گرووپی تیرۆریستی داعشن.
ئاماژەیان بۆ ئەوەیش كردووە كە، لە ساڵی 2015ـدا ئاساییشی توركیا توانیویەتی 1000 تیرۆریستی سەر بە داعش دەستگیر بكات، كە 300 لەو كەسانەیش دراونەتە دادگە و، دادوەر بڕیاری كۆتایی لەسەر داون.
Top