شاندێکی پەرلەمانی فەڕەنسا سەردانی بەشار ئەسەد دەکات

 شاندێکی پەرلەمانی فەڕەنسا سەردانی بەشار ئەسەد دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٨ی تشرینی یەکەم شاندێکی پەرلەمانی فەڕەنسا بەسەرۆکایەتی ژان فرێدرێک پواسۆن، سەرۆکی حیزبی دیموکراتی مەسیحی فەڕەنسی سەردانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریایان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا وەکو لە ماڵپەڕی سانا-ی فەرمیی حکومەتی سووریا هاتووە ئەسەد گوتوویەتی " بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتی فەڕەنساش تاوەکو ئێستا پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن، بەوەی روویەکی سیاسی بە رێکخراوە تیرۆرستییەکان دەدەن".

سەرۆکی سووریا لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو شاندەی فەڕەنسا دەتوانن رۆڵی کاریگەریان هەبێت لەوەی سیاسەتەکانی ئێستای حکومەتەکەیان چاکبکەنەوە، " بۆ ئەوەی ئارامی لە ناوچەکەمان مسۆگەر ببێت، کە ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی فەڕەنساش دەکات".

شاندە فەڕەنسییەکە لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیان بۆ سەرنەکەوتنی سیاسەتی رۆژئاوا کردووە کە تاوەکو ئێستا نەبووەتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەم شەڕە.

ئەم سەردانیکردنەش بە گۆڕانێکی گەورە لە هەڵوێستی فەڕەنسا بەرامبەر بە سووریا دادەندرێت ، کە لە دوایین لێدوانییدا فرانسوا ئۆلاند، سەرۆکی فەڕەنسا رۆژی هەینی 23ی تشرینی یەکەم رایگەیاندبوو " ئەسەد کێشەیە و بەشێک نییە لە چارەسەری قەیرانی سووریا"، جەختیشی لەسەر گرنگی کارکردن لەپێناوی گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسیی کردبووەوە.













رووداو
Top