جۆن ئالن نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستلەکار دەکێشێتەوە

جۆن ئالن نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەستلەکار دەکێشێتەوە
نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەستلەکار دەکێشێتەوە و حکوومەتی وڵاتەکەشی، جێگرەکەی دەخاتە شوێنی.

وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، کە رەنگە لە داهاتوودا هێزە تایبەتییەکانیان، ئۆپەراسیۆنی دیکە بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی داعش ئەنجامبدەن.

ئاشتۆن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاندووە، کە خۆی فەرمانی بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی شارۆچکەی حەویجە کردووە، کە هێزێکی تایبەتی ئەمریکی و هێزێکی دژە تیرۆری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئاسمانەوە دابەزین و وێڕای رزگارکردنی 69 کەس لە زیندانێکی داعش، ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران و کۆمەڵێک بەلگەنامەش کەوتنە دەست ئەمریکییەکان.

لە پێشهاتێکی دیکەدا، جۆن ئالن، فەرماندەی سەربازی و نێردەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، کە نزیکەی ساڵێک لەو پۆستە بەردەوام بوو، دەستی لەکار کێشایەوە و برێت مەکگۆرکی جێگری، بە فەرمی لە شوێنەکەی دەستبەکاربوو.





باسنيوز
Top