بان کی موون پەیامێک بۆ فەلەستینی و ئیسرائیلییەکان دەنێرێت
بان کی موون، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایدەگەیەنێت، کە ”توندوتیژی زیان بە ھەوڵ و خواستەکانی فەڵەستینییەکان دەگەیەنێت بۆ دروستکردنی دەوڵەت و ئاسایشی ئیسرائیلیش دەخاتە مەترسییەوە“.
بان کی موون روو دەکاتە فەلەستینییەکان و رایدەگەیەنێت، کە ئەو دەزانێ ئەوان ”نائومێد بوون و توڕە بوون لە دروستکردنی نشینگەی جولەکەنشین“، بەڵام داوایان لێدەکات توڕەییەکەیان بگۆڕن بۆ ”دەنگی ئاشتی و بانەوازی گۆڕانکاری“ و داواش لە بەرپرسانی فەلەستین دەکات، توڕەیی جەماوەری خۆیان بگۆڕن بە دەنگی ئاشتی.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها نیگەرانە لە سیاسەتی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بەرامبەر عەرەبەکان و پێیوایە، رێوشوێنی ئەمنیی توند و رووخاندنی خانووبەرە، ”ناتوانێت ئاسایش و ئاشتی بەرقەرار بکات“.
ماوەیەکە بەهۆی هەوڵدانی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی جولەکەنشین و هێرشی ناوبەناوی فەلەستینییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و گەنجانی فەلەستین دروستبووە.
باسنیوز