ئۆباما: سیاسەتی ئێستای رووسیا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی داعش

 ئۆباما: سیاسەتی ئێستای رووسیا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی داعش
باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە کێشەکانی سووریا و دەستوەردانی سەربازی رووسیا لەو وڵاتە، شەوی رابردوو لە واشنتن قسەی كرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند " سیاسەتی ئێستای رووسیا کە لە سووریا جێبەجێیدەکات، دەبێتە هۆی بەهێزوبوونی داعش نەک لاوازکردن و لەنێوبردنیان، هاوکات رووسیا نازانێت ئەرکەکانی لەبەرامبەر داعش جێبەجێبکات".

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروەها گوتی " ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا، جیاوازی ناکات لەنێوان چەکدارانی داعش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەلای رووسیاوە هەردوولا تیرۆریستن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە رووسیا تەنها پشتگیری لە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و سوپاکەی دەکات".

باراک ئۆباما لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی لەگەڵ ئێران و رووسیا كاربكات بۆئەوەی گۆڕانكاری سیاسی له‌سووریادا ئەنجامبدات و هاوکات کۆتایی بە قەیرانەکان بهێندرێت.

لە رۆژی چوارشەممەوە 30 ی ئەیلوولی 2015، رووسیا دەستی ئە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە سووریا كردووە، بەرپرسێكی پەرلەمانی رووسیاش رایگەیاند، كە هێرشەكانیان بۆسەر داعش لە سووریا بۆماوەی 3 بۆ 4 مانگ بەردەوامدەبن. لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانێتی نیشتمانی سووریا و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن باس لەوە دەكەن كە ئەو هێرشانە دژ بە ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامدراون، نەك دژ بە چەكدارانی داعش.













رووداو
Top