هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ له‌به‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڵنەستانەوە سه‌ر پێ

هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ له‌به‌ر ئه‌ردۆغان هه‌ڵنەستانەوە سه‌ر پێ
ئەمڕۆ لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا کە بە دوا گوتاری سەرکۆماری تورکیا دادەنرێت لەم خولەی پەرلەمانتاراندا په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ له‌ به‌ر سه‌ركۆمار هه‌ڵنه‌ستانه‌وه‌ سه‌ر پێ و دواتریش چوونه‌ ده‌ره‌وه‌.

ئەمڕۆ دوا کۆبوونەوەی خولی 25ی پەرلەمانی تورکیا ئەنجام درا و لەوێدا بە گوتەیەکی (ئەردۆغان) خولەکە کۆتایی پێ هات. لە وتەکەیدا کە چاوەڕوان دەکرا کورتترین گوتەی (ئەردۆغان) بێت لە پەرلەمان، بەڵام پێچەوانەوە ماوەی یەک سەعات قسەی کرد، هێرشی توندی کردە سەر پەکەکە و گوتی تا دواسات ڕووبەروویان دەبینەوە.

کاتێک ئەردۆغان هاتە ناو هۆڵی پەرلەمان ئەندام پەرلەمانەکانی سەر بە هەدەپە و جەهەپە هەڵنەستانە سەر پێ و ئەمەیش (ئەرۆگان)ـی توڕە کرد، هەروەها لە کاتی قسەکردنیش ئەندام پەرلەمانەکانی هەدەپە و جەهەپە هۆڵی پەرلەمانیان بەجێهێشت.

دەبوایە سەرۆکی هەرسێ پارتی ئۆپۆزسیۆن جەهەپە و مەهەپە و هەدەپە ئامادە بن، بەڵام هیچ یەکێک لەو سەرۆکانە ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان نەبوون.

لە وتەیەکیشیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (سەلاحەدین دەمیرتاش) ئاماژەی دا کە ئامەدەی دانیشتنەکە نابێت، چونکە (ئەردۆغان) سەرۆک کۆمارێکی بێلایەن نییە و پێویست ناکات گوێی لێ بگیرێت.

ئەردۆغان زۆربەی وتارەکەی بۆ شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەت و قۆناغی چارەسەری دانابوو و ڕەخنەی لە هەدەپە گرت بەوەی پاڵپشتی لە پەکەکە دەکات.

ئەو دووبارە دروشمی (یەک ئاڵا، یەک وڵات، یەک زمان)ـی دووبارە کردەوە و لەوکاتەدا ئەندام پەرلەمانێکی هەدەپە ناڕەزایی دەربڕی، بەڵام (ئەردۆغان) لێی توڕە بوو و گوتی بۆ تێکدەچیت کاتێک ناوی ئاڵای تورکیا دەهێنم.

ئەوەی چاوەڕوان نەکراوبوو، هەندێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی مەهەپە، وەکو ئەندام پەرلەمانەکانی ئاکەپە هەستابوونە سەرپێی و چەپڵەیان بۆ (ئەردۆغان) لێدەدا.
Top