ئێران بەفەرمی ژمارەی کۆتایی قوربانیانی حەجی راگەیاند

 ئێران بەفەرمی ژمارەی کۆتایی قوربانیانی حەجی راگەیاند
دامەزراوەی حەج و زیارەتی ئێران لە بەیاننامەیەکدا وێڕای سەرەخۆشیکردن لە ئێرانییەکان و بنەماڵەی قوربانییەکان بە فەرمی دوا ئاماری حاجییانی قوربانیی حەجی ئەمساڵیان راگەیاند.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە پاش تێپەڕینی حەوت رۆژ لە رووداوەکەی مینا و گەڕانی بێوچانی هەموو نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکانی شارەکانی مەککە، جەدە، تایف، ناوچەکانی مینا و عەرەفات، دۆخی هەموو بریندارەکان روونبووەتەوە و لە ئەنجامی کۆتاییدا دەرکەوتووە کە ٤٦٤ حاجیی ئێرانی لە حەجی ئەمساڵدا گیانیان لە دەست داوە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە دەوڵەتی ئێران هەموو توانای خۆی بەکاردێنێت بۆ گەڕانەوەی خێراتری تەرمەکان بۆ وڵاتەکەیان.

لە رێوڕەسمی حەجی ئەمساڵدا لە دوو رووداوی دواکەوتنی کرێن لە حەرەمی مەککە لە رۆژی ١١ی ئەیلوول و پاڵەپەستۆی جەماوەر لە مینا لە ٢٤ی ئەیلوولدا بە سەدان حاجی گیانیان لە دەست دا و برینداربوون.

سعودیە ئاماری سەرجەم کوژراوەکانی حەجی ئەمساڵی بە ١١٠٠ کەس راگەیاندووە، بەڵام ئێران دەڵێ ئەو ئامارە لە ٤ هەزار کەس زیاترە و سعودیە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە شیاوی بەڕێوەبەرایەتیی رێوڕەسمی حەج نییە و بەرپرسی گیانی ئەو قوربانیانەیە.
















رووداو
Top