یەکەم هێرشی روسیا، سەرەتای گۆڕانێکی گەورەی ناوچەکە

یەکەم هێرشی روسیا، سەرەتای گۆڕانێکی گەورەی ناوچەکە
دوای بەدەستهێنانی رەزامەندیی ئەنجومەنی فیدراڵیی روسیا لەلایەن سوپاوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی دەرەکی، یەکەم هێرشی ئەو وڵاتە لە سوریادا ئەنجامدرا.

بەرپرسانی روسیا لە بارەی هێرشەکانەوە ئاماژەدەکەن بەوەی، کە مەبەستی سەرەکی لێدانی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە لە سوریادا، بەرپرسانی ولایەتە یەکگرتووەکان بەتەواوی ئەوە رەتدەکەنەوە و گومانیان لە نییەتی راستەقینەی روسیایە.

لێدانی داعش

وەزارەتی بەرگری روسیا ئاشکرایکرد، کە فرۆکە جەنگییەکانیان لە چەند کاتژمێری رابردودا هەشت ئامانجی گرنگیان لە سوریادا بۆمباران کردووە، کە بەهۆیانەوە شوێنی مانەوەی چەکداران، بنکەی سەرەکی بەرێوەبرد، ئامێرەکانی گواستنەوە و سەرچاوەکانی پەیوەندیکردنی رێکخراوە تیرۆرستییەکەیان لە چەند ناوچەیەکدا تێکشکاندووە.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، دوێنێ چوارشەممە 30ی ئەیلول، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی وەڵامی داواکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریای داوەتەوە و چەند هێرشێکی ئاسمانیی لەو وڵاتەدا ئەنجامداوە.

وتیشی، کە لە هێرشەکاندا، چەند بنکەیەکی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش کراونەتە ئامانج، ئەوەشی ئاشکراکرد، کە وڵاتەکەی ئامادەیە کەناڵێکی پەیوەندیی بەردەوام لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتییەدا بکاتەوە، کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات.

"هێرشەکان لەو ناوچانە بوون، کە داعشی لێ-نەبووە"

ئاش کارتەر، وەزیری بەرگریی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لێدوانی بەرپرسانی روسیا رەتدەکاتەوە و دەڵێت : " دەمەوێت وریابم لە پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، بەڵام وادەردەکەوێت، کە ئەوان (مەبەست لێی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا-یە) لەو ناوچانە ئەنجامدراون، کە گوماندەکرێت داعشی لێبووبێت و بەپێی زانیارییەکان چەکدارانی ئەو رێکخراوە لەو ناوچانە نەبوون".

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا، بە ئاژانسی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی راگەیاند، کە هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا، لە دەوروبەری شاری حمص "هیچ ئامانجێکی ستراتیجیی لە پشتەوە نییە" و کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش-دا نابێت، ئەمەش دەریدەخات، کە ئەوان بۆ دژایەتیکردنی داعش لە سوریادا نین".

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، کە لە هێڕشی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیادا 28 کەس کوژراون و لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەیە، هاوپەیمانێتی نیشتمانیی سوریاش، لە راپۆرتێکدا کوژرانی 36 کەسی بڵاوکردەوە، کە هەموویان مەدەنین.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا لەو ناوچانە چالاکی ئەنجامنادەن، کە سوپای هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانی تێدا ئەنجامدەدات و لێیەوە رووبەڕووی تیرۆرستان دەبنەوە.

"دەبێت جیاوازی لەنێوان ئەم دووانەدا بکرێت"

جۆن کیری، وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە هێرشەکانی روسیا، وتی : "هێرش کردنە سەر ئەو ناوچانەی، کە نە داعش و نە چەکدارانی قاعیدەی لێیە، گومان لەسەر نییەتی روسیا دروستدەکات، دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان دژایەتیکردنی داعش و یارمەتیدانی ئەسەد-دا".

لای خۆیەوە لۆران فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا وتی : " ئێمە تۆمەت ئاڕاستەی روسیا ناکەین، بەڵام پێویستە لەوە دڵنیا ببینەوە، کە هێرشەکان داعش و رێکخراوە تیرۆرستییەکانی دیکەی ناوچەکە دەکەنە ئامانج نەک هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتیانی مەدەنی".






خەندان
Top