وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیخوڕ تاوانبار کرا
پاش ئەوەی “محەممەدجەواد زەریف” لە کۆبوونەوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ ئۆباما سەرکۆماری ئەمەریکا دەستی داوەتەوە، لە ئێران کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە و باڵی دەسەڵاتداری ئێران ئەو کارەیان بە سیخوڕی ناو بردووە.
لەو بارەیەوە “غولاموحسێن ئێژەیی” گوتەبێژی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوە کردووە، هەرکەسێک لەگەڵ ئەمەریکا دۆستایەتی بکات و دەستی لەگەڵ ئۆباما دابێتەوە ئەوە دەیهەوێ ئەمەریکا بێنیتە وڵاتی ئێمەوە.
ئێژەیی ڕوو بە بەسیجی و هێزەکانی سوپای پاسداران گوتوویەتی: پێویستە بەتەواوی هێزەوە ئاگاداری دۆخەکە بن، چونکە کۆمەڵیک سیخوڕی ناوخۆیی لە هەوڵی ئەوە دان ئێران ڕادەستی بێگانەکان بکەن.
ئەو لێپرسراوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، زەریف و کەسانی وەکوو ئەو بە درۆ و چەواشەکارییەوە باس لە ئیمام خومەینی و دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، بەڵام لە پشتی پەردەوە سەرقاڵی سازان و ڕێککەوتن لەگەڵ دوژمنەکانن.
لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەستدانەوەی زەریفیان لەگەڵ ئۆباما مەحکووم کردووە و خوازیاری لێپێچینەوە لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بوونە.
چاودێرانی سیاسی لەو باوەڕدەدان کە دژکردەوەی باڵی دەسەڵات کە بە بناژۆخوازەکان ناسراون بە دەست دانەوەی زەریف لەگەڵ ئۆباما تەنیا بیانوویە و نیشانەی کێشە و ناکۆکیی لە نێوان رێفۆرمخواز و بناژوخوازەکان دایە و هەر کاتێک کە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت بە بیانووی جۆراوجۆر دەریدەبڕن.
باسنيوز