تونس بەفەرمی چووە ریزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش

 تونس بەفەرمی چووە ریزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش
تونس بەفەرمی چوونی بۆ ریزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بەداعش رایگەیاند و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە بێنە ریزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەرەنگاری داعش ببنەوە.

حەبیب سەید، سەرۆکوەزیرانی تونس لەکاتی پێشکەشکردنی گوتاری سەرۆکی وڵاتەکەی کە بە نوێنەرایەتی قائید سەبسی سەرۆکی تونس بەشداری لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کردبوو، رایگەیاند: " تونس بەفەرمی دەچێتە ریزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و بەرەنگاری تیرۆر دەبێتەوە لە ناوچەکە بەگشتی و لە عێراق و سووریا بەتایبەتی".

سەرۆکوەزیرانی تونس هەروەها گوتی" تونس بەپێی ئەو ‌هێزەی هەیەتی بەشداری دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی داعش لەریزی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و، هەموو هەوڵێکیش دەدەین لە ریزی هاوپەیمانان خزمەت بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش لەناوچەکەدا".

حەبیب سەید ئاماژەی بەوەشکردووە، کە داعش تەنها مەترسی نییە لەسەر عێراق و سووریا و "گەشەکردنی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخێرایی پەرەدەسەنێت"، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە بێنە ریزی هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی و بەرەنگاری داعش ببنەوە.

بەپێی راپۆرتەکان لە چەکدارە بیانییەکانی نێو داعش، سێ هەزاریان خەڵکی تونسن.
















رووداو
Top