هاوپەیمانان ٣٠ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر داعش

هاوپەیمانان ٣٠ هێرشی ئاسمانییان کردە سەر داعش
فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەکدارانی داعشیان لە عێراق و سوریا بۆردومان کرد و ٣٠ هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پێگە جیاوازەکانیان لەو دوو وڵاتەدا ئەنجام دا.

هێزی هاوپەیمانان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا، ٢٤ هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر داعش لە عێراق و لە سوریاش چوار هێرش ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکانی عێراق لەنزیک حەویجە، بێجی، حەبانیە، کەرکوک، کەسک، موسڵ، ڕومادی، سوڵتان عەبدوڵا، شەنگال و تەلەعفەر ئەنجام دراون، هاوکات هێرشەکانی سەر سوریاش لەنزیک دێر زور، واشیا و پالمیرا ئەنجام دراون.

هەر بەپێی بەیاننامەکە، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە چەندین یەکە و شوێنی شەڕکردنی چەکدارانی داعش کراونەتە ئامانج، لەگەڵ تێکشکاندنی چەند ئۆتۆمبێلێکدا.

هێزی هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ەوە هێرشی ئاسمانییان بۆسەر چەکدارانى داعش لە عێراقدا دەستپێکرد و لە مانگی ئەیلولیشدا هێرشەکانیان بۆسەر چەکدارانى داعش لە سوریادا دەستپێکرد.




سەرچاوەكان
Top