ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازی حەماسی لە کەرتی غەزە بۆردوومانکرد

 ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازی حەماسی لە کەرتی غەزە بۆردوومانکرد
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 30-9-2015 فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند ناوچەیەکی سەربازی سەر بە کەتیبەکانی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس، ئەمەش وەک وەڵامێک لەبەرامبەر ئەو مووشەکانەی لە کەرتی غەزەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرابوون.

چەند شایەتحاڵێک دووپاتیانکردەوە کە یەکێک لە هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە زەوییەکی خاڵی لە نزیک ناوچەی عەسقەلانی سەر بە کەتیبەکانی قەسام لە باکووری رۆژئاوای شارۆچکەی لاهیا کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکی نەبووە.

سووپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" فڕۆکە جەنگییەکانییان لە درەنگانی شەوی رابردوو دوو ناوچەیان کردووەتە ئامانج کە تێیدا مووشەک لێیەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون".

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکیش لە فەلەستین بەرپرسیاریەتی ئاراستەکردنی مووشەکەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە، لە کاتێکدا دەزگاکانی راگەیاندنی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە سیستەمی کڵاوەی ئاسنین سەرکەوتوو بووە لە پێکانی مووشەکەکان لە ئاسمانەوە بەر لەوەی بکەونە سەر زەوی.

سەرچاوەیەک لە غەزەوە رایگەیاند" بینای هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس چۆڵکراون".














رووداو
Top