لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆباما و پوتین بابەتی سوریا تاوتوێ کرا

لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆباما و پوتین بابەتی سوریا تاوتوێ کرا
بەرپرسێکی ئەمەریکی رایگەیاندووە، لە گفتوگۆی نێوان "باراک ئۆباما"ی سەرۆکی ئەمەریکا و "ڤلادیمیەر پوتین" سەرۆک کۆماری روسیا کە 90 خولەکی خایەندووە، هەر دوو لایەن سەرەتا جەختیان لە سەر قەیرانی ئۆکرانیا کردۆتەوە و دواتر بابەتی سوریایان تاوتوێ کردووە.


بە گوێرەی هەواڵی "ئەلعەرەبیە"، ئەو بەرپرسە گوتویەتی، هەر دوو لایەن لە سەر بابەتی رۆڵی "بەشار ئەسەد" ناکۆکیان هەبووە. "پوتین" گوتویەتی، "ئەسەد" هاوپەیمانێکی باوەرپێکراو لە جەنگی دژ بە تیرۆریزمە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە "ئۆباما" جەختی کردۆتەوە، "ئەسەد" کەسێکە کە بووە هۆی جەنگی ئایینی لە سوریا. سەرەڕای ناکۆکی لە سەر ئەو بابەتە، هەر دوو لایەن هاوڕا بوون لە سەر گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ قەیرانی سوریا.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، وەرچەرخانەکانی سەربازی ئەو دواییە لە سوریا دژی گەیشتن بە ئاشتی نییە، بە مەرجێک کە روسیا هێزەکەی دژ بە داعش بە کار بێنێت، نەک بۆ پشتیوانی کردنی سەربازی "ئەسەد".

ئەو بەرپرسە دیداری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆک کۆماری روسیا بە بابەتێکی بەسود وەسف کرد کە هەر دوو لایەن جەختیان لە سەر خاڵەکانی هاوبەش بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا کردۆتەوە.

پێش بینی کراوە دەرئەنجامی ئەو دیدارە رێککەوتنێکی ئاسایشی بێت بۆ "رێگری کردن لە پێکدادان" لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە رێبەری ئەمەریکا و هێزەکانی روسی کە لە سوریا جێگیر کراون.
Top