راوێژكاری سەربازیی خامنەیی: لەبارەی پرسی سووریا لەگەڵ رووسیا هاوئاهەنگین

راوێژكاری سەربازیی خامنەیی: لەبارەی پرسی سووریا لەگەڵ رووسیا هاوئاهەنگین
راوێژكاری عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: لەبارەی پرسی سوریاوە لەگەڵ رووسیا لە هەماهەنگی داین و ئێران تەنانەت ئامادەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەكانی دەرەوەی سنوورەكانی خۆشیەتی.

سەرلەشكر “یەحیا رەحیم سەفەوی” راوێژكاری خامنەیی لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاندووە: “هێزە چەكدارەكانی ئێران لە بەرانبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی تەنانەت لە دەرەوەی سنووەركانیش بۆ سەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانەكانمان بكرێن، ئامادەی هەرەچەشنە بەرەنگارییەكین و هێزە زەمینی و ئاسمانییەكانمان لەم بارەوە تەیار و ئامادەن.”

رەحیم سەفەوی كە بۆ خۆی ماوەیەكیش قەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بووە، لەبارەی هاوكاریی ئێستای رووسیە و ئێران گوتوویەتی: “ئێمە و رووسیا لە هەندێ‌ بواردا هاوكاری یەكترین كە پرسی سووریا یەك لەوانەیە و بۆ هەموو جموجۆڵێك راوێژ لەگەڵ ئێران دەكات.”

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییە جیهانییەكان “قاسم سولەیمانی” فەرماندەی سوپای قودسی ئێران هەتا ئێستە دوو جار بە نهێنی سەردانی رووسیای كردووە و لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان هەر دوو وڵات لەبارەی شەڕی ناوخۆیی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی فەرمیی رووسیا گفتوگۆی كردووە و ئەم پرسەش ناڕ‌زایی ئەمەریكای لێكەوتووەتەوە.

حكوومەتی ئەمەریكا لەم بارەوە داوای لە رووسیا كردووە كە روونكردنەوە بدات كە هەم لێپرسراوانی ئێران و هەم رووسیا سەفەری قاسم سولەیمانی بۆ رووسیا رەت دەكەنەوە.

جموجۆڵە جێی گۆمانەكانی ئەم دواییانەی رووسیا لەناو خاكی سووریا هیچ شك و گومانێكی بۆ وڵاتانی رۆئاوا نەهێشتووەتەوە كە رووسیا خوازیاری مانەوەی بەشار ئەسەدە لە دەسەڵاتدا.

ئەو راوێژكارەی خامنەیی ئیسرائیل و ئەمەریكا و هەندێ‌ لە وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتببار كردووە كە هۆكاری سەرەكیی پشێوی و ئاڵۆزیەكانی سووریان و لە بەرانبەریشدا ئەمەریكا و رۆژئاوا ئێران بە یەكێك لە پاڵپشتە سەرەكییەكانی حكوومەتی سووریا لە بواری دارایی و سەریازیییەوە تۆمەتبار دەكەن.

ئەم پرسانە لە كاتێك دان كە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە نوێترین لێدوانیدا لەم بارەوە گوتوویەتی: “دانوستانی لەبارەی پرسی سەربازیی ئەو وڵاتە یەكێك لە بەرنامەكانی داهاتوویانە و بەموانە ئەم پرسە لەگەڵ رووسیا دەهێننە گۆڕێ‌.”

لە بەرانبەردا رووسیاش رایگەیاندووە: “ئێمە سەرقاڵی تاوتوێی داوای حكوومەتی سووریاین كە داوایان كردووە هێزی سەربازی رەوانەی ئەو وڵاتە بكات و ئێمەش ئامادی دانوستانین.”

لەم بارەوە “ماریا زاخاروا” گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندووە: “ئێمە هیچكات دانوستان لەگەڵ ئەمەریكامان رەت نەكردووەتەوە و ئێمە بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەموو پەرسەكان و یەك لەوان چارەسەریی پرسی سووریا ئامادەین.”














باسنیوز
Top