مێركل: ئەو كۆچبەرانەی لەبەر دۆخی ئابووری هاتوون دەبێ ئەڵمانیا جێبێڵن

مێركل: ئەو كۆچبەرانەی لەبەر دۆخی ئابووری هاتوون دەبێ ئەڵمانیا جێبێڵن
ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت، ئەو كۆچبەرانەی مەترسی لەسەر ژیانیان نییە و تەنها لەبەر دۆخی ئابووری كۆچیان كردووە، داوای مافی مانەوەیان رەتدەكرێتەوە و دەبێ ئەڵمانیا جێبهێڵن.

ئەڵمانیا لەنێو وڵاتانی ئەوروپا پێشوازی لە زۆرترین كۆچبەر كردووە و ئامادەیی دەربڕیوە زیاتر لە 800 هەزار كۆچبەر وەربگرێت. لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیشدا ئەنگێلا مێركل گوتی " مەبەستمانە بە پلانێكی باش خزمەتی ئەو كۆچبەرانە بكەین كە لەبەر ناسەقامگیری ئەمنی و مەترسی لەسەر ژیانیان، وڵاتەكەیان جێهێشتووە و هاتوونەتە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی مافی مانەوەیان پێبدرێت، ئێمەش پارێزگارییان لێدەكەین".

لە باشووری كوردستان لەبەر شەڕی داعش، بێكاری و خراپی باری داراییان، بارودۆخی سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزاری، ژمارەیەكی زۆری هاونیشتمانیان بەتایبەت گەنجان بۆ ئەوروپا كۆچیان كردووە، بەشێكی زۆریشیان چوونەتە ئەڵمانیا، بەڵام ئەنجێلا مێركل گوتی "ئەو پەنابەرانەی مەترسی لە سەر ژیانیان نییە و تەنها لەبەر دۆخی ئابووری كۆچیان كردووە، داوای مافی مانەوەیان رەتدەكرێتەوە و دەبێ ئەڵمانیا جێبهێڵن".

سەبارەت بە خستنەسەركاری كۆچبەران و زامنكردنی ژیانیان، راوێژكاری ئەڵمانیا گوتی " وەزارەتی دەرەوە و فەرمانگەی گشتیی كۆچ و كۆچبەران لە پلانەكەیاندا كە بۆ ڕێكخستنەوەی ژیانی پەنابەران دایانڕشتووە، داوا لە كۆمپانیا گەورەكان دەكەن بەپێی دەرفەت هەلی كار بۆ ئەو پەنابەرانە دابین بكەن كە حكومەت رەزامەندی لەسەر مانەوەیان دەدات بۆئەوەی بتوانن ژیان و گوزەرانیان رێكبخەنەوە".

ئەنگێلا مێركل هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە حكومەت داواكارییەكی زۆری كۆچبەرانی بەدەستگەیشتووە و داوای مافی مانەوە لە ئەڵمانیا دەكەن، بەڵام ئەو كەسانەی لە شوێنی ئارام و دوور لە شەڕ هاتوون، دەبێ ئەڵمانیا بەزوویی جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.







رووداو
Top