لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەریتانیا 330 چەکداری داعش کوژراون

لە هێرشە ئاسمانییەکانی بەریتانیا 330 چەکداری داعش کوژراون
"مایکل فالۆن" وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاندووە، لە کاتی دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی بەریتانیا بۆ سەر داعش لە سێپتەمبێری ساڵی رابردوو تاکو ئێستا نزیکەی 330 چەکداری داعش کوژراون.


"فالۆن" لەوبارەوە گوتویەتی، "ئێمە پێمان وانییە خەڵکی مەدەنی لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی بەریتانیا کوژرابن". بەریتانیا بە شیوەیەکی رێکخراو لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ئەو گروپە لە عێراق کردووە. بەڵام لە ساڵی 2013 دوای ئەوەی سەرۆک وەزیران "کامێرۆن" نەیتوانی دەنگی پەرلەمان بۆ هێرشکردنە سەر حکومەتی "بەشار ئەسەد" لە سوریا بەدەست بێنێت، بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر داعش لە سوریا نەکردووە.

"کامێرۆن" هیوادارە بتوانیت پشتیوانی پەرلەمانی بەریتانیا بەدەست بێنێت بۆ پەرەپێدانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر داعش بە تایبەتی لە سوریا. لە هەمان کاتیشدا وەزیری بەرگری بەریتانیا جەختیشی کردەوە رەوشی ئێستا بابەتێکی نالۆجیکییە کە تەنیا هێرش بکرێتە سەر داعش لە عێراق و سوریا پشتگوێ بخرێت.

هەر چەندە ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتەکەی "کامێرۆن" واتە پارتی پارێزگاران دژی پەرەپێدانی ئەو هێرشانەن و تەنانەت رێبەری نوێی پارتی کرێکار "جێرێمی کۆربین" بە گشتی دژی شەڕە و بۆیە چاوەروان دەکرێت "کامێرۆن" نەتوانێت لەو بابەتە دا سەرکەوتوو بێت.

لە سەرەتاکانی ئەو مانگە، "کامێرۆن" ئاشکرا کرد کە دوو هاوولاتی بەریتانی کە لە بەرەی داعش شەڕیان دەکرد لە ئاکامی هێرشێکی ئاسمانی لە سوریا کوژراون.
Top