سعودیە یەک ملیۆن ریال دەداتە قوربانیانی حەرەمی مەککە

سعودیە یەک ملیۆن ریال دەداتە قوربانیانی حەرەمی مەککە
دیوانی شاهانەی سعودیە رایگەیاند، حکومەتی سعودیە بڕی یەک ملیۆن ریال بەو کەسانە دەدات کە لە رووداوەکەی حەرەمی مەککەدا گیانیان لەدەستدا یاخود بە شێوەیەک برینداربوون کە کاریگەری بریندارییەکە بەسەریانەوە دەمێنێت. جەختیشیکردەوە، هیچ کارێکی تاوانکاری لە پشتەوەی رووداوەکە نەبووە.
دیوانی شاهانەی سعودیە، رۆژی سێشەممە 15 ی ئەیلوولی 2015 رایگەیاند، راپۆرتی لیژنەی راسپێردراو بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەوەی بەرزکەرەوەیەکی ئاسنین لە نێو حەرەمی مەککەدا، دەریخستووە هیچ گومانێکی ئەنجامدانی تاوان لە رووداوەکەدا نابیندرێت، بەڵام بە هۆی هەڵکردنی رەشەبا و دانانی بەرزکەرەوەکە بەشێوەیەکی پێچەوانە لەگەڵ رێنماییەکانی کارکردن رووداوەکە روویداوە.
دیوانی شاهانەی سعودیە راشیگەیاندووە، کە حکومەتی سعودیە بڕیاری داوە بڕی یەک ملیۆن ریال، واتە نزیکەی( 200 هەزار دۆلاری ئەمریکی) بەو کەسانە بدرێت، کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە یاخود بەشێوەیەک برینداربوونە و کاریگەری بریندارییەکە بەسەریانەوە دەمێنێت، هەروەها بڕی 500 هەزار ریال بۆ بریندارانی دیکە دیاریکراوە.
دیوانی شاهانەی سعودیە ئاماژەی بەوەشداوە، کارەکانی گرووپی بنلادن وەستێندراون و ناتوانن لە هیچ پڕۆژەیەکی دیکەدا بەشداری بکەن، هەروەها سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەیان قەدەخەی هاتووچۆیان لەسەر دانراوە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە رووداوەکە تەواودەبن.
رۆژی هەینی 11 ی ئەیلوولی 2015 بەهۆی کەوتنی بەرزکەرەوەیەکی ئاسنین لە حەرەمی مەککە بەسەر ئەو ناوچەیەدا کە حاجیان تەوافی تێدا ئەنجامدەدەن، 107 حاجی گیانیان لەدەستدا و 238 کەس برینداربوون.
Top